Erbil 38°C چوارشەممە 06 ئایار 08:59

مه‌سرور بارزانی: بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە

کوردستان TV
100%

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا - کوردستان و کۆمپانیا ئەمەریکییەکان دەکات .

ئەمڕۆ سێشەممە 8ی ئاداری 2022، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا-کوردستان و نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمەریکی کرد. 
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، بەیان سامی عەبدولڕەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ، پوختەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانی شاندەکە بازرگانییەکە خستەڕوو کە بە هەماهەنگی  
نوێنەرایەتى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ئەمریکا و ئەنجومەنى بازرگانى ئەمەریکا- کوردستان ڕێکخراوە و لە نوێنەرانی دوازدە کۆمپانیاى جیاوازی ئەمەریکی لە بوارەکانی پیشەسازى خۆراک، وزە، تەکنەلۆجیا و نیشتەجێبوون پێکهاتووە.
سەرۆکی حکومەت وێڕای خۆشحاڵی نیشاندان بە سەردانی شاندی بازرگانی ئەمەریکی، تیشکی خستە سەر چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکان, کە ئامانجی سەرەکی هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووری بەهێزە لە هەرێمی کوردستان. 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرد و جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە. دووپاتیشی کردەوە کە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی دەربارەی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان ، بڕیارێکی نادەستوورییە و پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستانە و لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراقیشدا نییە، بۆیە ئێمە بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین، لە هەمانکاتدا بەردەوام دەبین لە گفتوگۆ و دانوستان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی و دەستووری بۆ کێشەکان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان، كار و بەرنامەی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان و  عێراق خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.