لە رۆژی هەشتی مارس-دا رادیۆی دەنگی یەکسانی کرایەوە.
لە رۆژی هەشتی مارسدا لە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان- هەولێر لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، رۆبەرت پاڵادینۆ و نوینەری رێکخراوی ئونیسێف، شیمە سین گوتپە ، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ههولێر رادیۆی دەنگی یەکسانی کرایەوە.
رادیۆکە بریتییە لە دەزگایەکی میدیایی کۆمەڵایەتی و بە پشتیوانی رێکخراوی یونیسێف دامەزراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان بەڕێوەدەبردرێت.
لە رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری رێکخراوی یونیسێف، شیمە سین گوتپە گوتارێکی پێشکش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد کە کردنەوەی رادیۆکە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر دۆخی ژنان و ئافرەتان دەبێت و ئەوەیشی خستەڕوو کە لەسەدا 20ی ئافرهتان لە پەرلەمانەکانی جیهاندان و ئەمەش بەهۆی رێگرییەکانە کە ئافرەت نەیتوانیووە وەک پێویست بەشدار بێت.
لە رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری رێکخراوی یونیسێف، شیمە سین گوتپە گوتی: "ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە، نەک لەبەر ئەوەی کە رۆژێکی جیهانییە، بەڵکو زۆر گرنگە کار بۆ ئافرەتانی کوردستان بکەین، کردنەوەی ئەم رادیۆیە کاریگەری ئەرێنیی لەسەر ئافرەتان دەبێت، بۆیە پێویستە بارودۆخی ژنان و ئافرەتان بەرەو پێشەوە ببەین، ئەمە تەنیا رۆژێک نییە بۆ ئافرەتان ئەمە ئەو رۆژەیە کە نیشانی دەدەین، بەشداری هەر شتێک دەکەین کە گرنگ بێت، خۆم وەک ئافرەتێک زۆرجار بیر دەکەمەوە لەو رۆژەدا کە هەڵدەستم لەخەو تەنیا گوێم لێ دەبێت کە دەڵێن رۆژی ئافرەتان پیرۆزبێت، بەڵام دەبێت بیر بکەینەوە ئەم رۆژە مانای چییە و بۆچی دانراوە".
شیمە سین گوتپە گوتیشی: "لەبەر ئەوە ئێمە پێداچوونەوەیەک دەکەین بەو گۆڕانکارییەی لە هەرێم و عێراق و جیهان دروست بووە و دەبێت ئەمە کاردانەوەی هەبێت لەسەر ژیان، هاوکات نەخشەڕێگایەکمان هەبێت لەسەر یەکسانی، بێگومان لە هەموو جیهاندا سەدا 20ی ژنان لە پەرلەمانەکانی جیهاندان ئەمەش نیشانمان دەدات کە بەهۆی رێگارییەکانەوە ئافرەتان ناتوانن وەک پێویست بەشداربن، هیوادارم ئەم رادیۆیە، ژنان و کچانی ئاوارە و پەنابەرانیش سوودی لێ وەرگرن و ببێتە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی پەیام و ئامانجەکان".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا، رۆبەرت پاڵادینۆ گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەیان لە ئەمساڵدا بڕی چوار ملیۆن دۆلاری بۆ یونیسێف دابین کردووە بۆ ئەوەی پشتگیریی دارایی ئەم جۆرە پڕۆگرامانە بکات.
رۆبەرت پاڵادینۆ گوتی: "مایەی شانازیمە کە ئەمڕۆ لە ئاهەنگی کردنەوەی وێستگەی رادیۆی دەنگی یەکسانیم، ئەم پڕۆگرامە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ئافرەتان و رێکخراوی یونیسێف پەرەی پێدراوە و لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بیمەی دارایی بۆ دابینکراوە، شانازییە لە رۆژی جیهانی ئافرەتان کۆبووینەوە بۆ دەستپێشخەرییەکی گرنگن و هاوکاریکردن بۆ کۆتاییهێنان بە توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزیی".
رۆبەرت پاڵادینۆ گوتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمساڵ بڕی چوار ملیۆن دۆلاری بۆ یونیسێف دابین کردووە تاوەکو پشتگیریی دارایی ئەم جۆرە پڕۆگرامانە بکات لەگەڵ پڕۆگرامەکانی دیکەی توندوتیژی لەسەر بنەمای رەگەزیی و یەکسانی بۆ پەروەردە و ئازادی را دەربڕین و ئەم بابەتە گرنگانە لە هەرێمی کوردستان، لە راستیدا پێویستە ئەوەی لە توانادایە بکرێت بۆ پاراستنی ژنان و کچان، چونکە هیچ شەرەفێک لە کوشتندا نییە و ئەمە تاوانە و پێشێلکردنی مافی مرۆڤە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر بە جیددی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لەسەر هێڵە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کوشتن".
لە رێوڕەسمەکەدا،هەروەها وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد رایگەیاند کە میدیا رۆڵێکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە کەسانی بە ئەزموون و دەروونناس لە پشت پڕۆگرامەکانی تەلەڤیزیۆن بن و هەڵسەنگاندن بۆ رستە و دەربڕینی پێشکەیشکارەکان بکرێت، چونکە هەموو تاکێکی خێزان سەیری تەلەڤیزیۆن دەکات.
رێبەر ئەحمەد گوتی: "وێرای پیرۆزباییکردن لە ئافرەتان بەبۆنەی هەشتی مارس، هیوادارم ئەم یادکردنەوەیە تەنیا رۆژێک نەبێت بەڵکو هەموو رۆژەکانی ساڵ بۆ ئێمە ببێتە هەشتی مارس و زیاتر گرنگی بە مافی ئافرەتان بدرێت، ئێمە باوەڕمان بە مافی ئافرەت هەیە و لەم کابینەیەشدا باوەڕیمان بەو شتانە هەیە کە دەیڵێین، ئەم کابینەیە پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەو پەیامانە و گەیشتن بە ترۆپکی ئەو خەباتەی کە ئافرەتان هەست بە ئازادی و یەکسانی بکەن".
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەموارکردنەوەی یاسای توندوتیژی دژی خێزان کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان، هەر زوو یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، لەماوەی رابردووشدا کارێکی جیددیمان کردووە کە ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە یان یاسایەکی نوێ دەربچێت کە بگونجێت لەگەڵ سەردەم".
رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بە رۆڵی راگەیاندن لە کەمکردنەوەی توندوتیژی کرد و گوتی: "راگەیاندن رۆڵێکی سەرەکی هەیە بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، هەرچەندە بەداخەوە هەندێکجار لە هەندێک پڕۆگرام دەیبینم بابەتەکان زۆر بە ناپڕۆفیشناڵانە پێشکەش دەکرێت و جۆرێک لە هاندانی تێدایە بۆ خەڵکێکی دیکە کە توندوتیژی ئەنجام بدات، بۆیە راگەیاندن بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیە، ئێمە لە وڵاتێک دەژین کە باوەڕیمان بە ئازادی هەیە و خەباتمان کردووە و خوێنمان رشتووە تا گەیشتووینەتە ئەو رۆژە".
رێبەر ئەحمەد گوتیشی: "ئەم ئازادییە نابێت بە هەڵە بەکاربهێدرێت کە توندوتیژی لێ بکەوێتەوە، زۆرجار لە سۆشیالمیدیا یان لە راگەیاندن هاندانێکی تێدایە، بۆیە پێموایە بوێری تێدایە ئەگەر کەناڵێک باسی کێشەی ئافرەتان بکات، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە کە دەستەیەکی پڕۆفیشناڵ لەپشت بەرنامەکانەوە بێت لە رووی سایکۆلۆجییەوە، چونکە ئەو قسەیەی پێشکەشکارێک دەیکات دەبێت بیری لێ بکاتەوە، چونکە هەموو خێزانێک سەیری ئەو بەرنامەیە دەکات، رەنگە زۆرێک لە کچان لەژێر فشارێکی دەروونیی بن و ئەم بەرنامەیە وای لێبکات کە بیر لە توندوتیژی بکاتەوە، هەروەها زۆرێک لە باوکان و برایان لەژێر بارێکی دەروونیی بن، ئەم بەرنامەیە هانییان بدات بۆ توندوتیژی".
دوای گوتارەکان لە رێوڕەسمێکدا ژووی پەخش کرایەوە و رادیۆکە دەستی بە پەخشی راستەوخۆ کرد و لە هێڵە سەرەکییەکانی دەنگی یەکسانیشدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە دەنگی یەکسانییەوە هیچ قسەیەک لەسەر سیاسەت ناکرێت، هەواڵ و رووداوی سیاسییش شیی ناکرێنەوە، بەڵکو دەنگی یەکسانی تایبەتە بە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیی و خێزانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.