ئهمڕۆ سێشهم مەسرور بارزانی سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان پێشوازى له شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا کرد کە لە ڤيلله ڤاريۆلا باڵيۆزى يهكێتيى ئهوروپا لە عێراق و ئان مێسكانهن سهرۆكى نێردهى ڕاوێژكاريى يهكێتيى ئهوروپا له عێراق و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر و ژمارەیەک ڕاوێژکار پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرکۆنەکردنی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و دوایین گۆڕانکارییەکانی دۆخی سیاسیی عێراق و هەنگاوە دەستوورییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ و شەڕی تیرۆر و کێشەی کۆچبەران تاوتوێ کرا.
شاندی یەکێتی ئەوروپا، کورتەیەکیان دەربارەی کاروچالاکییەکانیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەتایبەتی لە بواری هاوکاریکردنی چاکسازییەکانی حکوومەت لە ڕووی بەهێزکردن و باشترکردنی سیستەمی بانکی و کاروباری هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و تاوانی ڕێکخراو و سپیکردنەوەی پارە و کۆچی نایاسایی. لەم ڕووەوە شاندەکە بە پێزانینەوە ئاماژەیان بە هاریکاری و هەماهەنگیی بەردەوام و بەهێزی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لەگەڵ باڵیۆزخانە و نێردەی ڕاوێژکاری یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای سوپاسکردنی هاوکاریی و پشتیوانیی یەکێتیی ئەوروپا، باسی لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بۆ برەودان بە شەفافییەت و ڕێگەگرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها ئاماژەی بە نادەستووریبوونی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی کرد تایبەت بە کەرتی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان و جەختی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە گەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.