وه‌زیری ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سبه‌ی پێنجشه‌م ده‌چێته په‌رله‌مانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ڕووداوی مووشه‌كبارانه‌كه‌ی شاری هه‌ولێر.
ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاوی كرده‌وه: سبه‌ی پێنجشه‌م ڕێكه‌وتی 17/3/2022 به سه‌رۆكایه‌تی حاكم زاملی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆبوونه‌یه‌كی لیژنه‌ی ده‌رخستنی ڕاستییه‌كان كه ڕاسپێردراوه بۆ لێكۆڵینه‌وه له ڕووداوی مووشه‌كبارانكردنی شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه ده‌چێت.
ڕاشیگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌كه به ئاماده‌بوونی ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د خالید وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكی فڕاكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌چێت.
ئاشكراشی كرد كه كۆبوونه‌وه‌كه له كاتژمێر 11ی پێش نیوه‌ڕۆی سبه‌ی پێنجشه‌م له هۆڵی ده‌ستووری له باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ڕێوه ده‌چێت.
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌می ڕابردوو به چه‌ند مووشه‌كێك هێرشكرایه سه‌ر شاری هه‌ولێر و به‌هۆیه‌وه زیانی ماددی به‌ر زۆرێك له خانوو و باڵه‌خانه‌ی هاووڵاتییان كه‌وت و هه‌روه‌ها بووه هۆی دروستبوونی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای زۆرێك له هاووڵاتییانی شاره‌كه.
هه‌ر دوای هێرشه‌كه‌ش سوپای پاسدارانی ئێران به فه‌رمی به‌رپرسیاره‌تی هێرشكهی گرته‌ئه‌ستۆ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.