Erbil 38°C شەممە 07 ئازار 16:37

پارێزگاری هەولێر لەبارەی نرخی خۆراک و بەنزین بڕیاری دا

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر لەبارەی دابەشکردنی بەنزین و نرخی خۆراک چەند بڕیارێکی دەرکرد، جەختیشی کردەوە کە لە چاودێری و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ بەردەوام دەبن.

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا چەند بڕیارێکی لەبارەی سووتەمەنی دەرکرد و ڕایگەیاند: ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی ڕاسپاردووە هەر بەنزیخانەیەک ببێتە هۆی قەرەباڵخی لە شوێنە گشتییەکان و ڕێگە سەرەکییەکان پێویستە ڕێگەی پێ نەدرێت بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش بکات بەهۆی ئەوەی بارقورسی لەسەر خەڵک دروست دەکات.

ڕاشیگەیاند: لە 24ی ئەم مانگەوە تا 24 مانگی داهاتوو حەوت بەنزینخانە بۆ ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دابین بکرێت بە شێوەی تاک و جووت، هەروەها شەش بەنزینخانە بۆ تەکسی و بەنزینخانەیەک بۆ پاس و هۆیەکانی گواستنەوە کە ئەوانیش بەشێوەی تاک و جووت دابەش بکرێت، ئەمەش تا وادەی دیاریکراو ئەزموون دەکرێت.

ئومێد خۆشناو لە درێژەی خستنەڕووی بڕیارەکان هەروەها گوتی: کردنەوەی دەروازەکانی پارێزگای هەولێر بۆ ئەو بازرگانانەی بازرگانی بە سووتەمەنی دەکەن دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.

لەبارەی نرخی نان و سەموونیش گوتیشی: بەردەوام لە هەماهەنگی دەبین بۆ ئەوەی بڕی پێویست و نەوت و گاز، لەگەڵ بڕی پێویستی ئارد بۆ نانەواخانەکان دابین بکەین.

ئاماژەی بەوەشدا کە هەروەها 20% داشکاندن لە نرخی کارەبا بۆ نانەواخانە  و سەموونخانەکان دەکرێت، بەمجۆرەش نرخی نان و سەموون هەروەکو پێشتر دەمێنێتەوە.

جەختیشی کردەوە کە لە هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان  بۆ چاودێریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ بەردەوام دەبن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.