وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە زمانی کوردی و مێژووی کوردستان ىڕیاری دا هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوە بۆ بابەتەکان بکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا چەند بڕیارێکی دەرکردووە و تێیدا هاتووە "ئاماژە بە بڕیارەکانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 15ی 3ی 2022 چەند بڕێکمان داوە:-
لە نووسراوەکەدا بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردە خراونەتەڕوو کە بەمشێوەیەن:-
یەکەم گرینگیدان بە زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییەکان (سیستەمی وەزارەتی پەروەردە و سیستەمی نێودەوڵەتی):
1- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پڕۆگرامەکان ڕاسپێردرا بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2022) بەشەوانەی زمانی کوردی لە قوتابخانە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، بەجۆرێک کە زیاتر بێت لە ژمارە ئەو بەشەوانانەی کە ئێستا هەن بۆ خوێندنی زمانی کوردی.
2- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان ڕاسپێردرا بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2022) ڕێنمایی پێیوست دەربکات بۆ ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی زمانی کوردی بۆ قوتابییان لە قۆناخی بنەڕەتی لە ناوەندەکانی خوێندنی ناحکوومی.
3- بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی بۆ چاودێری و سەرپەرشتیکردن و دڵنیابوون لە خوێندنی زمانی کوردی سیستەمی وەزارەتی پەروەردە لە قوتابخانە ناحکوومییە خۆماڵی و نێودەوڵەتییەکان، تەنها ئەو کتێبانەی زمانی کوردی ڕێگەی پێ دەدرێتلە قوتابخانە ناحکوومییەکان بخوێندرێت کە لە قوتابخانە حکوومییەکان دەخوێندرێت.
4- مامەڵەی مامۆستایانی زمانی کوردی قوتابخانە ناحکوومییەکان (خۆماڵی و نێودەوڵەتییەکان) لەڕووی مووچە و شایستە داراییەکانیان بەرامبەر مامۆستایانی بابەتەکانی دیکە دەبێت مامەڵەیەکی دادپەروەرانە بێت و بەگوێرەی ژمارەی بەشەوانە و خزمەت بێت و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی ڕاسپێردرا بۆ چاودێریکردنی ئەم بابەتە لە ساڵی (2023-2022)وە.
هەروەها لە درێژەی نووسراوەکەدا چەند بڕیارێکیش بۆ گرینگیدان بە زمانی کوردی لە قوتابخانە حکوومییەکان درا کە بەمشێوەی خوارەوەیە:-
1- لە مانگی نیسانی 2022 کۆنفرانسێکی زانستی بۆ کتێبی ئەلف و بێی زمانی کوردی ئەنجام بدرێت.
2- پێویستە بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی ئەزموونەکان پێداچوونەوە بکات بە شێوازی ئەنجامدانی هەڵسەنگان و تاقیکردنەوەکان بۆ ساڵی (2023-2022) بەجۆرێک کە شێوازی نووسین ڕێژەکەی بەرزبکرێتەوە بۆ زیاتر لە 80% لە هەڵسەنگاندن و هەموو تاقیکردنەوەکان بۆ گشت قۆناخەکانی خوێندن، جگە لە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزاری پۆلی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی.
3- بڕیار درا لە ساڵی (2023-2022)وە بۆ پۆلی 1 تا 3ی بنەڕەتی ڕاهێنانی بەردەوام بۆ مامۆستایانی زمانی کوردی ئەنجام بدرێت.
هەر لە نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە لە یەکێکی دیکە لە بڕیارەکان هاتووە کە سەبارەت بە بابەتەکانی (کۆمەڵایەتی) و (کارامەییەکان)یش لە قوتابخانە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت بۆ خوێندنی مێژووی کوردستان لەو ناوەندانەی ئاماژەی پێ کراوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پڕۆگرامەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی ناحکوومی ڕاسپێردران کە کۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانە ناحکوومییە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدەن، بۆ دانانی میکانزمێک بۆ خوێندنی ئەو بابەتانە لە ساڵی خوێندنی (2023-2022)وە.
هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ڕەشنووسی ڕێنمایی نوێێی بەکرێدانی فرۆشگەی ناوەندەکانی خوێندن بۆ ساڵی (2023-2022) پەسەند کرا و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت.
لە درێژەی ئەو بڕیارەشدا هاتووە کە ڕەشنووسی ستراتیژی پەرەپێدان و ڕاهێنانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە پەسەندکرا و ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.