نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگهیاند، ئەو هێرشە موشەکییەى کە کرایە سەر هاووڵاتییانی سڤیلی شاری هەولێر، دەستدرێژییە بۆ سەر ژیان و ئەمنییەتى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستان و سەروەرى عێراق و تاوانه بهههموو یاسا نێودهوڵهتییهكان.
ڕاشیگهیاند: هەروەها پێچەوانەى بڕیارى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ژمارە (598)ى ساڵى (1987)ە تایبەت بە وەستاندنى شەڕ و ئاگربەست لەنێوان کۆمارى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران، لە هەمانکاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر کاروبارى نێوخۆى وڵاتێکى خاوەن سەروەرى بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە (103/36) لە رێکەوتى 9ی کانوونى یەکەمى ساڵى 1981.
ههروهها ڕایگهیاند: پێویستە وڵاتان پابەندبوونى تەواویان هەبێت لە دەستوەرنەدان بە هەموو شێوازێک لە کاروبارى نێوخۆى وڵاتان، ئەمەش زامنى پاراستنی ئاسایش و سەلامەتى و جێبەجێکردنى پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانە.
جهختیشی كردهوه كه بە پشتبەستن بە پێوەرەکانى یاساى نێودەوڵەتى، ئەو هێرشە مووشەکییە بۆ سەر شارى هەولێر و بە ئامانجگرتنى هاووڵاتییانى سڤیل، تاوانە و پێچەوانەى بنەما گشتییەکانە لە یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییە لە ماددەکانى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان کە ئاماژە بە مافى ژیان و سەلامەتى جەستە و سەروماڵى هاووڵاتییان دەکات.
نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕاشیگهیاند: هەروەها ماددەى شەشەم لە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجوومەنى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبى، ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت و قەرەبووى ئەو زەرەر و زیانانەش بکەنەوە کە بەر سەر و ماڵى هاووڵاتییانى سڤیل گەیشتووە.
ئاماژهی بهوهش دا كه پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە بۆ یەکلاییکردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکان لەنێوان وڵاتان و چارەسەرکردنیان، پێویستە پەنا ببرێتە بەر رێگەى گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە و نێوەندگیرى و گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا یان پەنابردن بۆ ئاژانس و رێکخراوە هەرێمایەتییەکان، یان هەر هۆکارێکى دیکە کە بە گونجاو دەبیندرێت.
گوتیشی: بە پشتبەستن بەم یاسایانە پێویستە لەسەر ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەى کارى دوژمنکارانە لەپێناو پاراستنى ئاسایش و سەلامەتى نێودەوڵەتى و نەهێشتنى هەڕەشەکردن لە ئاسایشى عێراق، ئەوەش لەبەرچاو بگیرێت کە نابێت دەستوەردان لە کاروبارى نێوخۆى عێراقدا بکرێت و دەبێت سەربەخۆیى و سەروەرى سیاسى و یەکپارچەیى نیشتیمانى و ئاسایشى بپارێزرێت.
ههروهها گوتی: لەلایەکى دیکە پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە بەشى یەکەم ماددەى یەکەم ئاماژە دەکات بە ئامانجەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان لە پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى لە رێگەى ئاشتییانە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجەش پێویستە لەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێوشوێنى هاوبەش بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە هۆکارەکانى هەڕەشەکردن بەپێى بنەماکانى دادوەرى و یاساى نێودەوڵەتى.
هەروەک ماددەى دووەمیش ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوەیەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کێشەکانیان بە رێگەى ئاشتییانە چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک کە ئاشتى و ئاسایش و دادپەروەرى نێودەوڵەتى ڕووبەڕووى هەڕەشە نەبێتەوە.
له كۆتاییدا نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژهی بهوهدا كه لەبەر ئەو هۆکارانە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى سنوورێک بۆ ئەو جۆرە دەستدرێژى و پێشێلکارییانە دابنێت بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیلى عێراقى.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.