ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای کرد، ھەنگاوەکانی یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێراتر بووە و دەڵێت، ئەمساڵ دوو لیوای دیکەی حەفتا و ھەشتا دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.
لیوا قارەمان شێخ کەمال، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە شەش مانگی ڕابردوودا یەکگرتنەوەی ھێزی پێشمەرگە خێرایی بەخۆیەوە بینیوە و ھەردوو ھێزی پشتیوانیی یەک و دوو خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ سێ لیوای حەفتا و ھەشتا خراونەتە سەر وەزارەت و لیوایەکی نوێش دروست کراوە، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بەردەوامە.
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: ئەمساڵ دوو لیوای نوێ لە وەزارەت پێک دەهێنرێت بۆ وەرگرتنی یەکەی حەفتا و ھەشتا، ئەویش لیوای21 و 22ی پێشمەرگەیە، وەزارەتیش ھەردوو یەکەی ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستەمی وەزارەت و ئەوانیش خەریکی پێکھێنانی لیوا و یەکەی خۆیانن.
لەبارەی کردنەوەی ژمارەی بانکی بۆ پێشمەرگە، لیوا قارمان شێخ کەمال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: پێشتر ژمارەی بانکی بۆ دیوانی وەزارەت و ژمارەیەک یەکەی سەر بە وەزارەت کراوەتەوە، پلانی وەزارەتیش ئەوەیە ھەموو پێشمەرگەیەک ببێتە خاوەن ژمارەی بانکی خۆی، بەڵام پڕۆسەکە لەبەر ئەوە دوا کەوتووە، ھەندێک سەختە و پێویستی بە ھاوکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.