Erbil 38°C پێنجشەممە 12 شوبات 11:44

ئەندامێکی ھاوپەیمانیی سەروەریی: ھەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی تیرۆریستە بەنداکراوەکان ناگرێتەوە

کوردستان TV
100%

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سەروەریی، ئەحمەد موزھیر جەنابی لەبارەی یاسای لێبوردنی گشتیی کە لەلایەن فراکسیۆنەکەیەوە پێشکەش بەسەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە بۆ ئەوەی بۆ جاری دووەم ھەموار بکرێتەوە، رایگەیاند کە ھەموارکردنەوەی یاساکە، تیرۆریستە بەنداکراوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بەندکراوە ستەملێکراوەکان دەگرێتەوە.

ئەحمەد موزھیر جەنابی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوە داوە کە ھەوڵ دەدن لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران، سێ یاسای گرنگ پەسەند بکرێت و گوتی: یاساکانیش بریتیین لە بوودجەی گشتیی، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ھەروەھا ھەموارکردنەوەی ژمارەیەک برگەی نێو یاسای لێبوردنی گشتیی.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی هاوپەیمانیی سەروەریی، ئەحمەد موزھیر جەنابی لەبارەی ھەموارکردنەوەی ژمارەیەک بڕگەی نێو یاسای لێبوردنی گشتیی گوتی: "ھەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی، تیرۆریستە بەنداکراوەکان ناگرێتەوە، بەڵکو بەندکراوە ستەملێکراوەکان لە گرتووخانەکان دەگرێتەوە.

ئەحمەد موزھیر جەنابی لەبارەی یاسای ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشەوە رایگەیاندووە کە یاساکە بەھۆی ئەوەی لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگی لەسەر دراوە، جارێکی دیکە بۆ ئەوەی ھەموار بکرێتەوە لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەخرێتەڕوو، چونکە یاساکە لە دەستووردا، جێگیرکراوە و گوتیشی: لە ساڵی 2013وە، ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان نەکراوە، ئێستا پێویستە یاساکە کارا بکرێتەوە، بۆ ئەوەی دەستکەوتە دەستوورییەکان تەواو بکرێن.

یاسای لێبوردنی گشتیی لە ساڵی 2016دا، لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکرا و دواتر یەکەم ھەمواری یاسای لێبوردنی گشتیی لە مانگی تشرینی دووەمی 2017، ئەنجامدرا و گرنگترین ئەو گۆڕانکارییەی کە لە یاساکەدا کرا، ئەوە بوو ئەگەر تاوانبار لەگەڵ تاوانلێکراو گەیشتنە رێککەوتن لەنێوانیاندا، بەندکراوەکە ئازاد بکرێت و ھەر کەسێکیش، تۆمەتبار بێت بە بردنی سامانی گشتیی و توانی پارەکە بگەڕێنتەوە، ئازاد بکرێت.

رۆژی پێنجی ئەم مانگە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانیی سەروەریی، عەبدولکەریم عەبتان رایگەیاندبوو کە جارێکی دیکە پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتییان پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران کردووە بۆ ئەوەی ژمارەیەک بڕگەی نێو پڕۆژەیاساکە ھەموار بکرێتەوە و دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەندکراوان بکرێت، ھەروەھا ھەر بەندکراوێک قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێتەوە، ئەگەر دەرکەوت بە ستەم بەندکراوە .

لایەنەکانی نێو ھاوپەیمانیی سەروەریی کە لە کۆی 329 کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، خاوەن71 کورسیین لە میانی بانگەشەکانیان لە ھەڵبژاردنەکانی 10 ی تیشرینی یەکەمی ساڵی رابردووی ئەنحوومەنی نوێنەران بەڵێنی ئەوەیان دابوو، دووبارە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەندکراواندا دەکەن، بەتایبەتیش ئەو بەندکراوانەی کە لە ساڵانی رابردوودا لەسەر بنەمای گومان دەستگیرکراون و سزادراون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.