Erbil 38°C ھەینی 06 ئازار 15:02

نێچیرڤان بارزانی: هه‌رێم ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ كوردستانیان پیرۆز ده‌كات
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی تازه‌ی كوردییه‌وه‌ په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: 

په‌یامى نه‌ورۆزیى  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان: 

جه‌ژنى نه‌ورۆز و سه‌رى ساڵى تازه‌ى كوردى، زۆر به‌ گه‌رمى و له‌ دڵه‌وه‌ له‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان، له‌ گه‌لى كورد و ته‌واوى گه‌ل و پێكهاته‌ و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان پیرۆز ده‌كه‌م. هیوادارم هه‌مووان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆشه‌ویستان و ئازیزانیان جه‌ژنێكى خۆش له‌ ‌ئارامى و سه‌قامگیریدا به‌سه‌ر به‌رن.

داوا له‌ هاووڵاتییانى ئازیز ده‌كه‌م له‌ كاتى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ و گه‌شت و سه‌یرانى ناو سروشتى جوانى كوردستان، تا ئه‌وپه‌ڕى، پابه‌ندى ڕاگرتنى پاكوخاوێنى و پاراستنى ژینگه‌ى دڵڕفێن و به‌هاریى وڵات بن. ئاگادارى خۆیان بن و ڕه‌چاوى‌ خۆپارێزى و ڕێنماییى ته‌ندروستى بكه‌ن.

نه‌ورۆز كه‌ جه‌ژنی ئازادی و گیانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و بڕوابه‌خۆبوونه‌، ساڵى تازه‌ و نوێبوونه‌وه‌یه‌، له‌سه‌ر ئاستى تاك و كه‌سى، با هانده‌رى نوێبوونه‌وه‌ى بیر و ڕامانى هه‌موومان بێت و بیكه‌ینه‌ ده‌سپێك و سه‌ره‌تایه‌كى تازه‌ بۆ ژیان و په‌یوه‌ندییه‌كانمان، بۆ ئاشته‌وایى و ئومێد و گه‌شبینى و بۆ چۆنیه‌تیى مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ پێشهات و ڕووداوه‌كانى ده‌وروبه‌رماندا.

له‌سه‌ر ئاستى گشتیش، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر ئه‌ركى هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌كانى كوردستانه‌ به‌گشتى، یه‌كڕیز و ته‌با بن و به‌ هاوبه‌شى پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موومان به‌ یه‌كگرتوویى به‌ره‌وڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتووانه‌ تێیانپه‌ڕێنین.

پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستوورى و سیاسى و فیدرالیى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك چۆن به‌رهه‌مى تێكۆشانى هه‌موو كوردستانییانه‌، ئاواش به‌رپرسیاریه‌تیى هاوبه‌شى هه‌موومانه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر و ڕووناكترى دڵنیا هه‌نگاو بنێین و سه‌ركه‌وین.

له‌م بۆنه‌یه‌دا دووپاتى ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو كێشه‌ و ناكۆكییه‌كانى له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرالى عیراق به‌ گفتوگۆ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور چاره‌سه‌ر بكات. وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌رى چاره‌سه‌رى ده‌بین بۆ كێشه‌كانى عیراق و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى وڵاتدا، یارمه‌تیده‌ر و هاوكار ده‌بین.

هه‌ر لێره‌وه‌، له‌ كوردستانى لێبورده‌یى، یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیانه‌وه‌، ڕێز و سڵاوى نه‌ورۆزى و بۆندارانه‌ى به‌هارى، بۆ گه‌لانى عیراق و ناوچه‌كه‌، جیهان و دۆستانى كوردستان له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن، هه‌روه‌ها بۆ UN ده‌نێرین كه‌ جه‌ژنى نه‌ورۆزى كرده‌ ڕۆژێكى نێوده‌وڵه‌تى و له‌گه‌ڵ هه‌مووان له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیری و ئاشتیدا كار ده‌كه‌ین.

نه‌ورۆز له‌ هه‌مووان پیرۆز بێت، هه‌موو ساڵیك به‌ خۆشى.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

20ى ئازارى 2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.