Erbil 38°C ھەینی 06 ئازار 15:02

مه‌سرور بارزانی: نەورۆز بۆ گەله‌كه‌مان سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و درێژەدان به خەبات و ئازادیی بووە

کوردستان TV
100%


مه‌سرور بارزانی، به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی نوێی كوردی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

ده‌قی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز: 

بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانییان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم ڕۆژانی پشوو، لە کەشێکی ئارام و شادی وخۆشیدا بەسەر ببەن. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و ڕێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن. 
لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان به خەبات و ئازادیی و ڕزگاربوون بووە. گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت. 
لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە،  هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە ڕەواکانیدا، ڕۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە. 

نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.


مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.