یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، لەبەر ئەو سوکایەتییەی بە هاوەڵان کراوە، ئیدانەی ئەم جۆرە کردانە دەکەین و بە پێویستی دەزانین ئەم کەسە داوای لێبوردن لە خودا و خەڵک بکات.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ هەینی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی "لەهەمبەر ئەو تۆمارە دەنگیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە کە تێیدا کەسێک سوکایەتی بەرامبەر هاوەڵە بەرێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) دەکات و تەشهیر و قسەی نەشیاو بەرامبەر حەزرەتی موعاویەو یاوەران و زانایانی ئیسلام دەکات، یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەیاننامەیەک بڵاو دەکاتەوە و جەختی کردۆتەوە کە ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەم جۆرە کردەو رەفتارە نەشیاوانە دەکەین، لەهەمان کات بە پێویستی دەزانین ئەم کەسە داوای لێبوردن لە خواو خەڵک بکات."
دەقی ڕاگەیەنراوی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان:-
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
(فَإِنْ آَمَنُوا بِمِثْلِ مَا آَمَنْتُمْ بِهِ فَقَدِ اهْتَدَوْا وَإِنْ تَوَلَّوْا فَإِنَّمَا هُمْ فِي شِقَاقٍ..) (سورة البقرة:137).
بەداخەوە لەو چەند رۆژەی رابردوو گوێبیستی تۆمارێکی دەنگی بووین کە تێیدا کەسێکی دیاری نێو تەریقەتی قادری سوکایەتی و تەشهیرو قسەی نەشیاو بەرامبەر هاوەڵە بەرێزەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت) دەکات، وێڕای ئەوەی هەموومانی نیگەران کردووە و دڵنیاین کە خەڵک و موسڵمانانی کوردستان لەوە هۆشیارترن رەفتارو بەرنامەی نەخوازراو کاریگەریان تێ بکات، لەهەمان کات ئەم جۆرە رەفتارانە پێچەوانەی پرنسیپەکانی ئیسلام و یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و نەریتی موسڵمانانەیە، لەبەر ئەوەی پێگەو رێزی هاوەڵە بەرێزەکان قابیل بەتانەو قسەی نەشیاو نین و رێزگرتنیان واجبێکی شەرعی و ئیمانیە، ئێمە لە کوردستان چاوەڕێی ئەوەین هەمووان پارێزگاری لەو پێکەوەژیانە بکەین، کەتایبەتمەندی و جوانی و قەدرو مێژووێکی درەوشاوەی بە کوردستان بەخشیوە، نەک کەسانێک بەناوی ئایین و بە ئەجێندای ناروون هەستی موسڵمانان بریندار بکەن و سوکایەتی بەرامبەر یاوەران دەرببڕن.
ئێمە لە کاتێکدا ئیدانەی ئەم جۆرە کردەو رەفتارە نەشیاوانە دەکەین، لەهەمان کات بە پێویستی دەزانین ئەم کەسە داوای لێبوردن لە خواو خەڵک بکات، لەگەڵ ئەوەش دووپاتی دەکەینەوە ئەرکی داواکاری گشتیە لەم جۆرە سوکایەتیانە بێتە دەنگ و رێکاری پێویست بگرێتە بەرو کوردستانمان پارێزراو بێت لەم جۆرە هەنگاوە مەترسیدارانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.