Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 16:34

تەریقەتی کەسنەزانی: تۆمارە دەنگییەکەی شێخ نەھرۆ دەستکاریی کراوە

کوردستان TV
100%


تەریقەتی قادری کەسنەزانی لە رایگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەو تۆمار دەنگییەی سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی، شێخ نەھرۆ شێخ محەمەد کەسنەزانی کە لەبارەی ھاوەڵانی پێغەمبەرە بڵاوکراوەتەوە، دەستکاریی کراوە.

لە راگەیەندراوەکەی تەریقەتی قادری کەسنەزانیدا ھاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کە بەناشەرعی و نایاسایی دەستکاریی کراوە و بڵاوبووەتەوە و تۆمەتی خۆشنەویستنی ھاوەڵان دەدرێتە پاڵ شێخی دڵسۆزی تەریقەتمان، بەمەبەست لەلایەن چەند کەسێکەوە و بەبێ مەبەست لەلایەن چەند کەسێکی ترەوە.

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، شێخ و سەرۆکی تەریقەتی عەلییەی قادری کەسنەزانی جەنابی د.شێخ نەھرۆ شێخ محەمەد کەسنەزانی و ھەموو شوێنکەوتووانی ئەم تەریقەتە باوەڕمان وەھایە کە خۆشەویستی ھاوەڵانی بەڕێزی پێخەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) ئەرکێکی شەرعی و ئیمانی و تەسەوفییە و بەتاجی سەر و نوری چاوی خۆمانیان دەزانین، و وەک ئەرکێکی ئاینی و ئیمانی بەفەرمانی شێخ و رابەری تەریقەتمان رۆژانە و شەوانە ھەزاران سەڵاوات و رەحمەت دەنێرین بۆ حەزرەتی پێغەمبەر (دروودی خودای لەسەر بێت) و ئال و بەیت و ھاوەڵانی خۆشەویستی و شوێنکەوتووانی رەزای خوایان لەسەر بێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەموو ھاوەڵانی خۆشەویست نوری چاومانن، بەڵام تەریقەتمان لە گەورەیی حەزرەتی عەلی (رەزای خوای لێ بێت) وەرگرتووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، خیلافاتی نێوان ھاوەڵە بەڕێزەکان لە مێژوودا ھەیە، بەڵام باسکردنی لەئێستادا ھیچ خزمەتێک ناکات و رازی نین شوێنکەوتووانی تەریقەتمان خۆیانی پێوە خەریک بکەن، چونکە ئەوە کاری زانایانی پسپۆڕە و ھیچ خزمەتێک بەمیللەتەکەمان ناکات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، تۆمارێکی دەنگی سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی، شێخ نەھرۆ شێخ محەمەد کەسنەزانی بڵاوبووە کە تیایدا وا دەبیسترێت کە ناوبرا قسە بە هاوەڵانی پێغەمبەر دەڵێت، ئەمەش کاردانەوەی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا داوای لە داواکاری گشتیی کردبوو کە رێکاری پێویست لەسەر ئەو تۆمارە دەنگییە بگرێتەبەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.