Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 07:55

مه‌سرور بارزانی: له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ی گرنگی دابینكردنی وزه‌ بۆ ناوچه‌كه‌

کوردستان TV
100%


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28 ى 3 ى 2022،  لە پەراوێزی کۆڕبەندی جیھانی وزە  كه‌ له‌ ئیمارات به‌رێوه‌ ده‌چێت، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌شێكی گوتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند: من شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام بۆ قسەکردن له‌ بارەی ئاییندەی توانای وزەی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، من هیوا و ئاواتەکانی خەڵکی خۆم لەگەڵ خۆم هێناوه‌.
گوتیشی: من بە شێوەیەکی تایبەت چێژ لە پێشکەشکردنی ئەم وتارە وەردەگرم لەم شوێنە، کە باوك و باپیرانی زۆرینەتان تێڕوانینێکی ناوازه‌یان هەبووە بۆ بنیاتنانی وڵاتێک بۆ هاووڵاتیانی و ببێتە نموونەیەک بۆ جیهان.
مه‌سرور بارزانی، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: لە ماوەی ساڵانی رابردوو، ئێمە لە کوردستانەوە تەماشای ئێوەمان دەکرد و لە ئەزموونی ئێوە لە ئیمارات، فێردەبووین، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بەربەستی جددیمان تێپەڕاند.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەریمێک کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و له‌گەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو.


ده‌قی گوتاری مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌ندی جیهانیی وزه‌:

سڵاوتان لێبێت.

من شەرەفمەندم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدام بۆ قسەکردن له‌ بارەی ئاییندەی توانای وزەی هه‌رێمی کوردستانی عێراق، من هیوا و ئاواتەکانی خەڵکی خۆم لەگەڵ خۆم هێناوه‌.

من بە شێوەیەکی تایبەت چێژ لە پێشکەشکردنی ئەم وتارە وەردەگرم لەم شوێنە، کە باوك و باپیرانی زۆرینەتان تێڕوانینێکی ناوازه‌یان هەبووە بۆ بنیاتنانی وڵاتێک بۆ هاووڵاتیانی و ببێتە نموونەیەک بۆ جیهان.

پاش پەنجا ساڵ ئیمارات هه‌ردوو ئامانجه‌كه‌ی به‌دیهێنا، وڵاتی ئێوە هێزبەخشە بە هەموو ناوچەکە و سەرکردایەتیەکەی بە شێوازێکی ژیرانە سەرچاوە سرووشتیەکان و توانا مرۆییەکانی بەکارهێنا.

لە هەموو هەنگاوێکی رۆژانەتاندا و بە شێوازێکی بەردەوام و راستەوخۆ وزە به‌کارهاتووە، هیچ وڵاتێکی دیكه‌ لە جیهان بەم شێوەیە کاریگەر نەبووە لە بەکارهێنانی وزە وەکو كۆڵكه‌یه‌ك بۆ بنیاتنانی وڵات.

دەمەوێت بە سوپاسکردنی وەزیری وزەی ئیمارات بەڕێز سوهێل محەمەد ئەلمازووی و سەرۆکی ئەنجومەنی ئەتلانتیک، فرێدریک کێمپی، بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم لوتکەیە دەستپێبکەم، کە لە کاتێکی گونجاودا هاتووە. هەروەها سوپاسی رێکخەرانی ئەم ئیڤێنتە دەکەم بۆ سازکردن و کۆکردنەوەی هەموومان لێرە، چاوەڕوانی بیستنی راوبۆچوونەکانتان و پرسیارەکانتان دەبم.

من ئەوڕۆ لە پێش ئێوەدام، کە لە چوارچێوه‌ی سه‌ردانێكی هه‌فته‌ییه‌ بۆ ئیمارات، من لێرەم بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، بە مەبەستی دروستکردنی پەیوەندییەکی جددی، هەروەها بۆ فێربوون لە ئێوەوە. لە هەر هەنگاوێکی سەردانەکەمدا من گفتوگۆی پڕ لە زانیاریم ئەنجامدا لەگەڵ سەرکردەکان و پیرمەندەکان.

زۆر روونە بۆ من، کە ئێمە تێڕوانینێکی هاوبەشمان هەیە و بنەمای هاوبەش کۆماندەکاتەوە. ئێمە هاونیشتمانیانی خۆمان دەپارێزین و خزمەتیان دەکەین، لە هەمان کاتیشدا پەناگە بە خەڵکانی دیكه‌ پێشکەش دەکەین، ئێمە ئەندامێکی کارای کۆمەڵگه‌ی نێوەدەوڵەتین کە کار بۆ دابینکردنی ئاییندەیەکی باشتر دەکات.

لە ماوەی ساڵانی رابردوو، ئێمە لە کوردستانەوە تەماشای ئێوەمان دەکرد و لە ئەزموونی ئێوە لە ئیمارات، فێردەبووین، لە کاتێکدا ئێمە چەندین بەربەستی جددیمان تێپەڕاند.

چیرۆکی وزەی ئێمە هیوابەخشە، ئێمە لە سەرەتاوە دەستمانپێکرد، 15 ساڵ لەمەوبەر کاتێک یاسای وەبەرهێنانی نەوتمان دەرکرد، بۆ هەریمێک کە لە رۆژێکدا نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و هەناردەی دەکات، هەروەها نزیکەی نیو ملیار پێ سێجای گاز بەرهەمدهێنێت لە رۆژێکدا و له‌گەڵ بوونی ویست بۆ بەرەوپێشبردنی هەردووکیان، بەڵام ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو.

ئاڵۆزی مەزهەبی لە چەند بەشێکی وڵات و دەرکەوتن و رووخانی گرووپی تیرۆریستی داعش، کە ئێمە رۆڵێکی سەرەکیمان لە لەناوبردنی هەبوو، ناسەقامگیری سیاسی لە عێراق و لە دوایینیشیدا ئەنجامدانی زوڵم و ستەم دژ بە ئێمە لەلایەن بڕیارەکانی ئەوەی کە پێی دەڵێن دادگای فیدڕاڵی، بەڵام ئێمە وەکو هاووڵاتی سەرکەوتوو بووین، تێڕوانینی من وایە، کە ئێمە بەرەو گەشەسەندن دەچین.

بەکارهێنانی تواناکانی وزەی ئێمە بە شێوەیەکی کاریگەر و ژیر، کاری سەرەکی ئێمە بوو بۆ هەنگاونان بەرەو ئاییندە، حکومەتەکەمان ئەوەی کرد بە پێشینەیەکی ستراتیجی کە هەتاهەتایە پارێزگاری لە کوردستان دەکات.

ئاییندەی ئێمە لەسەر وزە بنیات دەنرێت لە رێگای هەریەک لە هاووڵاتیانی ئێمە کە کاتەکەیان بەکاردێنن بۆ بەرەوپیشچوون و سەرکەوتن، هەروەها لە رێگای بەردەوامبوونی بەرەوپێشبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان کە ئێمەی کورد لە پێناویدا کارمان کردوە، بە درێژایی چەندین دەیەی پڕ لە جەنگ و پەتا و یاخیبوون و چەندین بەربەستی تر.

ئێمە ئێستا گەیشتووینەتە خاڵێک لە مێژووماندا کە ئامادە و راوەستاوین بۆ بنیاتنان، پاش هەموو قوربانیدانمان. ئێمە دەرفەتێکی گەورەمان هەیە بۆ دابینکردنی وزە بۆ بازاڕی ناوخۆ و جیهانی و سوورین لەسەر ئه‌وه‌ی کوردستان بكه‌ینه‌ سەنتەرێکی وزە لە ناوچەکەدا.

کەواتە ئێستا ئێمە چی دەکەین لەو بارەیەوە؟ ستراتیجیەتی وزەی حکومەتەکەمان لەسەر دوو كۆڵه‌كه‌ بنیاتنراوە.

بەرپرسیارێتی یەکەمی من، جێبەجێکردنی خواست و داواکاریی هاووڵاتیانه‌، کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. بە درێژایی چەندین دەیە لە سەرەتای دامەزراندنی هه‌رێمی کوردستانەوە، داواکاریی بۆ وزە لە زیادبوون دایە. خێزانەکان، ماڵ و ئۆتۆمبێلی زیاتریان کڕیوە، خزمەتگوزاری گشتی گەیه‌نەدراوەتە قووڵایی دەشت و گوندەکان، بۆ یەکەمین جار پایتەختی ئێمە، هەولێر، لە رێگادایە بۆ بوون بە سەنتەرێکی هەرێمی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنان.

ئەو سێ ساڵەی رابردوو گۆڕانکاری گەورە روویاندا، ئێمە باشترین سیاسەتە په‌یڕه‌وكراوه‌كانی جیهانمان لە کەرتی گشتیدا جێبەجێکرد، رێوشوێنمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی چاکسازی و دوورخستنەوەی هەموو بەربەستەکان گرتەبەر.

هەموو روتینەکانمان لە بەردەم پەرەسەندنی کەرتی تایبەت لابرد، هانی یەکەمەکان دەدەین و داهێنەرەکان خەڵات دەکەین.

ئێمە کەرتی گشتیمان بە ئەلیکترۆنی کرد و ئەم هەنگاوەش بووە هۆی کەمکرنەوەی دەرفەتی گەندەڵی و کەمتەرخەمی. ئێستا ئێمە چاکسازی لە سیستەمی بانکی و باج دەکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی لابردنی بەربەستەکان لە بەردەم وەبەرهێنان و داهێنان.

پەرەسەندن رێگایەکی گرنگە بۆ گەیشتن بە ئامانج، حکومەتەکەمان دروستکردنی چەند ناوچەیەکی پیشەسازی و ئابووری گەورەی راگەیاندووە.

بەڵام هێشتا رێگایەکی دوور و درێژمان لەپێشە، لەگەڵ ئەوەی تواناکانمان فراوان کرد، رووبەڕووی ئەو کێشەیە بووینەوە کە نەمانتوانی پێداویستی وزەی هەندێک لە هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان جێبەجێ بکەین. وەک نموونە، خواست لە سەر گاز دوو ئەوەندی ئاستی بەرهەمهێنانێتی.

ئەمە ئەو بارۆدۆخە نییە کە ئێمە دەمانەوێ تێیدا بین، ئێمە هەنگاوی خێرامان ناوە بۆ دەربازبوون لەو بارودۆخە، بەمدواییە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا خواستی خۆی دەربڕی لە کەرتی گازی ئێمە و پشتگیری ماددیان پێشکەش كرد وه‌ك بەشێک لە هەوڵەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی گاز.  من دەزانم ئەمڕۆ هەندێ لە هاوبەشەکانی ئێمە کە لێرەن، پێشتر گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتەکەی من و دەسه‌ڵاتە خۆجێییەکان کردووە بۆ پڕکردنەوەی هەندێ لە کێشە و بۆشاییە کاتییەکان.

ئێمە بەردەوام دەبین لە دروستکردنی وێستگەی وزەی زیاتر و وزەی پاک بۆ داهاتوویەکی بەهێز، لە هەمان کاتدا ئێمە لە پەرەپێدان بە هەناردەکردنمان بەردەوام دەبین، من دڵنیام کە کوردستان لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەبێ بە سەرچاوەیەکی وزەی گرنگ بۆ ویست و خواستی جیهانیی کە بەردەوام لە زیادبوون دایە. ئێمە لە داهاتوویەکی نزیکدا دەبین بە هەناردەکاری گاز بۆ بەشەکانی دیکەی عێراق، تورکیا و ئەوروپا و پێداویستی ئاسایشی وزەی ئەوان دابین دەکەین، ئێستا توانای هەناردەکردنی نەوتمان هەیە کە رۆڵێکی گرنگی ئابووری لە ئاراستەی ژیانمان دەبینێ و هاوکات رۆڵی گرنگیش لە دابینکردنی وزە بۆ هاوبەشەکانمان هەیە، بڕێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازمان لە هەرێمەکەمان هەیە.

من گفتوگۆم لەگەڵ حکومەتی عێراق و تورکیا و وڵاتانی کەنداو کردووە لەبارەی دامه‌زراندنی شاڕێگه‌یەکی شەمەندەفەری ناوچەیی. پێموایە ئەمە وەرچەرخانێک دەبێ بۆ عێراق و ناوچەکە کە رێگای بازرگانی نوێ و پەنجەرەیەکی دیکە بە رووی هەماهەنگی ناوچەییەدا دەکاتەوە.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە پێویستمان بە یارمەتیی و پاڵپشتی هاوڕیکانمانە زۆرینەیان ئەمڕۆ لەو هۆڵە دان، هەروەها ئازایەتی هاوبەشەکانمان بۆ زاڵبوون بە سەر بەربەستەکان. کوردستانێکی بەهێز و خاوەن ئابوورییەکی سەربەخۆ، هەڕه‌شە نییە بۆ سەر دراوسێكانمان و هاوبەشەکانمان لە بەغدا، لە راستیدا پێچەوانەکەیەتی.

ئێمە دووبارە بەهێزیی ئامانجەکانمان و وەفامان بۆ هاوڕیکانمان نیشاندا، ئێمە کەسانێکین، کە خاوەن قسەی خۆمانین. ئەگەر ئێمە وەکو بەرەیەکی یەکگرتوو کاربکەین؛ ئەو کێشە و بەربەستانەی کاریگەرییان لە سەرمان هەیە، کەم دەبنەوە. دەتوانین یارمەتی وڵاتانی هه‌رێمی و جیهانی بدەین و دەیکەین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دابینکردنی پێداویستی وزە هاوكاریان بین. هەروەها پتەوکردنی کۆمەڵگاکەمان. لە کاتێکدا ئێمە بەردەوام دەبین لە پەرەپێدان بە کەرتی گاز و نەوت، هاوكات به‌ به‌رده‌وامیش كار لە سەر وزەی پاک دەکەین. گۆڕانمان بەرەو وزەی پاک، نیازپاکی و پێویستییەکی ئابوورییە. تێچووی وزەی پاک، ساڵ لە دوای ساڵ کەمتر دەبێتەوە. حکومەتەکان بە شێوازێکی فراوان هانی وزەی پاک دەدەن و پشتگیری دارایی لێ دەکەن.

من باش لە بیرمە 10 ساڵ لەمەوبەر، کەسانی شارەزا ئاگاداری ئەو دەوڵەت و حکومەتانەیان دەکردەوە، کە پشتیان بە نەوت بەستووە، بەوەی ئابوورییەکەیان دەڕووخێت ئەگەر بەره‌و وزەی پاک نەڕۆن، ئەوە ئێستایە کە نابێت چیتر پشت بە نەوت و گاز ببەستین. تەنانەت ناویان لێ نابوو سەردەمی کۆتایی سووتەمەنی فوسیلی. بەڵام ئێستا پێکدادان لە ئەوروپا هەیە و ئەم پێشبینییە رەتدەکاتەوە. پێویستە لێرە روونی بکەمەوە، ئێمە لە کوردستان ئەگەر هاوبەشەکانمان لە بەغدا هاوکارمان بن، توانای ئەوەمان هەیە بەشێک لە پێداویستی وزەی ئەوروپا دابین بکەین.

ئەمڕۆ دەمەوێت لە پێداویستیەکانمان واقعی و لە هەڵسەنگاندنەکانمان ورد بم. من هیچ گومانێکم لەوە نییە، کە لە داهاتووشدا نەوت و گاز به‌ بەشێکی گرنگ لە جۆر و سەرچاوەکانی وزە دەمێنێتەوە. هەرچەند پێموایە نابێت وەک تاکە سەرچاوەی داهات بو پێشکەوتن لە نەوت بڕوانین، بەڵام ئەمە لە شەو و رۆژێکدا نایەتە دی.

هاوکات کابینەکەی من هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ فرە سەرچاوەیی داهات، بۆ ئەوەی پارێزراو بین لە بەرانبەر نرخە ناجێگیرە جیهانییەکانی وزە. ئێمە خەریکی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای پیشەسازی و دەرکردنی رێنمایی ژینگەیین، بۆ هاندانی کۆمپانیا و دەستەڵاتە خۆجێیەکان و دروستکردنی رکابەری.

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.