پارێزگاری هەولێر بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانان دەکات و جەختی کردۆتەوە کە پلانی پێویستیان بۆ ڕێگەگرتن لە قۆرخکاری و کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و جێبەجێکردنی ڕێککارەکانی تەندروستی لە ڕەمەزان داڕشتووە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا بەبۆنەی مانگی ڕەمەزان نووسیویەتی "بەبۆنەی هاتنی مانگى ڕەمەزانی پیرۆز، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانانی جیهان و كوردستان بهگشتیی و هەولێری پایتەخت به تایبهتی دهكهین. لە خوای گەورە داواکارین ڕۆژوو و عیبادەتی مانگی ڕەمەزانی هەموو لایەکمان قەبوڵ بکات و ئەم مانگە ببێتە مایەی خێر و بەرکەت و خۆشی و کۆتاییهاتنی ناخۆشییەکان."
هەروەها نووسیویەتی "بەم بۆنەیەوە بەپێویستی دەزانین داوا لەخێرخوازان و خواپێداوانى شارەکەمان بکەین، مانگى ڕەمەزانى پیرۆز جگە لەوەى مانگی ڕۆژوو و عیبادەت و خوداپەرستییە، لەهەمانکاتدا مانگى بەخشین و بەخشندەییە، بۆیە داواکارین هەروەک چۆن لە ڕابردوودا درێخیتان نەکردووە لەو مانگەشدا بەهەمانشێوە و بەدەستکراوەییەوە هاوکارى و یارمەتى هەژاران و کەمدەرامەتان بدەن."
ئومێد خۆشناو لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: سەرجەم هاووڵاتییانى سنوورى پارێزگاکەشمان دڵنیا دەکەینەوە کە پلانى پێویستمان بۆ مانگی پیرۆزى ڕەمەزان داڕشتووە و بۆ ڕێگهگرتن له قۆرخكاری و كۆنتڕۆڵكردنی نرخ و جێبهجێكردنی رێككارهكانی تهندروستی.
ئاماژەی بەوەش دا کە "لیژنهكانی قایمقامیهت، تهندروستی، ئاسایشی ئابووری و چاودێری بازرگانیمان ڕاسپاردووە ڕێکارى پێویست بەرامبەر هەموو ئەوکەسانە بگیرێتەبەر کە دەیانەوێت یارى بەنرخی کاڵاکان و بازاڕ بکەن."
پارێزگاری هەولێر جەختیشی کردەوە کە ئهو چێشتخانە و شوێنانەشی كه لهم مانگە پیرۆزەدا كراوهن، دەبێت ڕهچاوی سەرجەم ئەو ڕێکار و ڕێنماییانە بکەن کە پێشتر ڕامانگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.