Erbil 38°C دووشەممە 27 نیسان 13:47

ئه‌مریكا.. له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا پزیشكێكی كورد خه‌ڵاتێكی نێوده‌وڵه‌تی پێشكه‌ش كرا

کوردستان TV
100%


لە نێوجەرگەی شاری نیۆیۆرک، لە یەکێک لە هۆڵە ڕازاوەکانی هوتێل هیلتۆن، لە نێو ئاپۆرای پتر لە 3000 هەزار پزیشک و پسپۆری بواری لەشساغی، کە لە 100 وڵاتی جیهانەوە هاتوون، کوردێک بە هۆی داهێنانی پزیشکی و خزمەت بە مرۆڤایەتی خەڵاتێکی نێودەوڵەتی پێشکەش کراو ئامادبووان بۆ چەند ساتێک بە پێوەو بە چەپڵەرێزان سوپاس و ستایشی خۆیان بۆ خزمەت و داهێنانەکانی ئەو پزیکە کوردە دەربڕی.

لێرە لە نێو چەپڵەرێزانی ئامادەبوواندا، د. غازی زێباری، خەڵاتێکی نێودەوڵەتی لە بواری خزمەت بە مرۆڤایەتی و داهێنانی پزیشکی وەرگرت. د. زێباری ڕوو بۆ ئامادە بووان باسی لە رۆڵی پێشمەرگەو شەری دژە تیرۆر کرد. زێباری پێی وایە ئەگەر خەبات و فیداکاری پێشمەرگە نەبایە، ئەوان زیندوو نەدەمانەوە.

خەڵاتەکە، لە کۆنگرەی هاوپشک و لە لایەن رێکخراوی میلاک - پەنکریاسی نێودەوڵەتی پێشکەش بە د. غازی زێباری کرا . ناوبراو ساڵی 1976 بە ئاوارەیی گه‌یشتووه‌ته‌ ئەمریکا، یەکەمین جار لە شاری نیۆیۆرک گیرساوەتەوە. ناوبراو هەنووکە لە ولایەتی لوزیانا دەژی و خەریکی نەشتەرگەری و چاندنی چەند بەشێکی لەشی مرۆڤە.

د. زێباری لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتەکەی دا، وتارێکی کورتی پێشکەش کردو تێتدا باسی لە خەبات و قارەمانەتی پێشمەرگە کرد کە بە هاوکاری جیهانی داعشیان تێکشکاندوە.

د. زێباری لەم بارەوە راگەیاند: لە بیرم دێت ساڵی 1975 لە ئەشکەوتەکاندا وانەمان دەخوێند، پاش نسکۆی شۆرش، ئاوارەی ئێران بووین و لەوێش رژێمی ئێرانی ئیزنی خوێندنی پێنەدەداین. بێ گومان ئەگەر خەبات و فیداکاری پێشمەرگە نەبوایە من و هەزاران کەسی دیکە زیندوو نەدەماین، هەر بۆیە دەبێ لە هەموو کات و ساتێکدا لە ئاست شەهیدان و قارەمانەتی پێشمەرگەدا وەفادار بین، ئەگەر خەباتی پێشمەرگەکان لە پێناوی ئازادیدا نەبوایە زیندوو نەدەبووم و ئەمڕۆ لێرە ئەو خەڵاتەکەم وەرنەدەگرت.

د. زێباری لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا لە بەردەم ئامادەبوواندا، جینۆساید و ڕەشەکوژی خەڵکی کوردستانی لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە، گرێدایەوە بە رووداوەکانی هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکرایناو لەم بارەوە وتی: خەڵکی ئەمریکا زۆر زوو شت لەبیر دەکەن، رەنگە چەند مانگی دیکە نەزانن لە ئۆکراینا چی رووی داوە، هەر بۆیە ئەرکی ئێمەیە لە هەموو جێگایەک فیداکاری و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانیان بە بیر بهێنینەوە؛ بەم جۆرە وەفاو سۆزی خۆمان بۆ خاک و خەڵکی کوردستان لەبیر نەکەین.

پرۆفیسۆر زێباری لە دەییەکانی 90ی زایینیدا، هاوکار بوە بۆ ئەوەی دەرمان و تیمی پزیشکی لە ئەمریکاوە بگاتە کوردستان، ئێستاش لەبەرنامەیدایە کە بە هاوکاری هاوپیشەکانی و بە پشتیوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند کەرەستەی پێشکەوتووی پزیشکی، هاورێ لەگەڵ چەند تیمی پزیشکی بهێنە کوردستان لە پێناو پێشخستن و خزمەت بە کەرتی تەندروستی کوردستان.

رەحیم رەشیدی
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.