له میانه‌ی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی رۆژەڤـی کـوردسـتان له سه‌ر بابه‌تی (عـێراق دوای نـۆزدە سـاڵ لە ئازادکـردنی) ئـازاد جـوندیانـی ـ راوێژکـاری سـەرۆک بـارزانی ڕایگه‌یاند كه عێراق له دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێستا به‌رده‌وام شكستخواردوو بووه.
جوندیانی ڕایگه‌یاند: له یه‌كه‌م ساتی 19 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، ئێمه به ئازادكردن ناومان برد، كه‌چی ئه‌مه‌ریكا و زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی ناویان نابوو داگیركردنی عێراق، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له وڵاتانیش به ڕووخان ناویان ده‌برد.
ڕاشیگه‌یاند: ئێستا عێراق له خراپترین دۆخی خۆیدایه، ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی كه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانه‌وه بۆی دانرابوو نه‌هاته‌دی و عێراق نه‌یتوانی ببێته‌وه به ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه‌ش كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بۆ عێراقییه‌كان و بۆ خودی ئه‌مه‌ریكا.
ڕوونیشی كرده‌وه كه عێراق هه‌ر له دامه‌زراندنییه‌وه وڵاتێكی فاشیل و سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی قه‌ناعه‌ت به كورد بكات كه شه‌ریكه له‌و وڵاته.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه كه سیاسه‌تكردن به وانه وه‌رگرتن نییه، به‌ڵكو به ستراتیژییه‌ت و پلانه، به‌داخه‌وه كێشه‌كانی عێراق كه گرنگترینیان كێشه‌ی كورده نه‌توانرا چاره‌سه‌ر بكرێت، كه‌واته عێراق هه‌رگیز سه‌قامگیر نابێت.
ئازاد جوندیانی ڕاشیگه‌یاند: عێراق ئێستا ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تی عه‌ره‌ب ده‌كات، ئه‌وانیش له مێژوودا تا ئێستا ته‌نیا ڕێچكه‌ی داگیركردنیان گرتۆته‌به‌ر، هه‌موو ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی دیدی داگیركردنیان هه‌یه، ده‌وڵه‌تی داگیركه‌ر ده‌بن.
هه‌روه‌ها ڕوونی كرده‌وه كه پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم له‌لایه‌ن كورد شێوه‌یه‌كی دیموكراتییانه‌ی وه‌رگرت و زیاتر له 90%ی خه‌ڵكی كوردستان به‌شدارییان تێدا كرد، بێگومان ئه‌ویش هۆكاری هه‌بوو به‌وه‌ی كه عێراق نه‌یتوانی ڕێز له ده‌ستوور بگرێت و ئه‌و ماده ده‌ستوورییانه‌ی كه تایبه‌ت بووه به كورد په‌راوێزی خستووه.
له كۆتایی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌رده‌وام له‌ژێر هه‌ڕه‌شه و بێ ئاینده‌یی دایه، به‌ڵام پێویسته ئێمه وه‌ك كورد له ستراتیژییهتماندا بوونی هه‌بێت و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداریان نه‌بین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.