وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردۆتەوە سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی نادروست و چەواشەکاری لەلایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن.
وەزارەتەکە لە ڕوونکردنەوەکەدا نووسیویەتی "پاش بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەکی نادروست و چەواشەکاری لە لایەن هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەک هەواڵ بڵاویان کردەوە کە گوایە هەولێر دەستی بەسەر ئەو بەشە سووتەمهنیه داگرتووە کە لەلایەن حکوومەتی عێراقی بۆ پارێزگای سلێمانی تەرخان کراوە و بە قاچاخ ڕەوانەی تورکیا و ئەوروپای دەکات."
هەروەها نووسیویەتی "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە توندی ئەم هەواڵانە رهتدهكاتەوە کە دوورە لە راستییەوە کارێکی چەواشەكارانەیە و مەبەست لێی تێکدانی ڕەوشی ناوخۆی کوردستان و بە لاڕێدابردنی ڕای گشتی خەڵکی کوردستان و عێراقە. جێی داخ و نیگەرانییە کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کە ههندێکیان ئۆرگانی فەرمی پارتە سیاسییەکانی بەشداری حکومەتیشن دەبووایە لەم کاتەدا کە کوردستان بە بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، بەرپرسانە ڕەفتار بکەن و خۆیان لە بڵاوکردنهوهی هەواڵی ناراست و تێکدەرانە بپارێزن بە تایبەت کە ئەو لایەنە بەشدارانە زانیاری تەواویان لە سەر بابەتی سووتەمهنی هەیە."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەروەها دەڵێت، بە مەبەستی دەرخستنی ڕاستییەکان، بە پێویستمان زانی ئەم ڕوونکردنەوەیە لە سەر بابەتی سووتەمەنی بۆ ڕای گشتی بڵاوبکاتەوە کە بەمشێوەیە:-
دابینکردنی سووتەمەنی لە لایەن حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بریتییە لە دوو پێکهاتەی نەوتی کە ئەوانیش نەوتی سپی و بەنزینە. هەر چەندە لە مامهڵهكردن لهگهل ئەم بابەتە، دەبووایە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، وەکو هاووڵاتییانی بەشەکانی دیکەی عێراق هەژمار بکرێن، بەڵام بە داخەوە ئەمە نەکراوە.
1- بەنزین:
بە پێی ڕێککەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لە مانگی ئابی 2021، وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال ڕۆژانە بڕی 1080 مەتر سێجا بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات بە نرخی بازرگانی 650 دینار بۆ هەر لێترێک.
ئەمە لە کاتێکدا کە نرخی هەر لیترێک بەنزین بۆ هاووڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 450 دینار دیاریکراوە. هەروەها کرێی عەمبارکردن و گواستنەوەی بەنزینەکە لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دەدرێت کە لە ئەنجامدا نرخی هەر لیترێک بەنزین لە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە 690 دینار ڕادەوەستێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، بە هەمان نرخ بە هاووڵاتیانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی دەفرۆشێت.
لە دابەشکردنی بڕی بەنزین کە حکوومەتی عێراقی فیدرال تەرخانی کردووە، وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاستەوخۆ و لە رێگەی لیژنەیەکی پسپۆر و تایبەت کە پێکهاتووە لە بەڕێوەبەری گشتی و چەند شارەزایهک، چاودێری ئەم بابەتە دەکات.
جێی ئاماژەیە کە ئەم لێژنەیه، چاودێری دابەشکردنی بڕی بەنزین بۆ هەر پارێزگاریەک دەکەن کە لەلایەن بەرێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی هەر پارێزگایەک و بە هەماهەنگی لە گەڵ پارێزگاکان خویان ئەنجام دەدرێت و هەموو بەڵگەکانی پەیوەست بە بڕی وەرگیراو و دابەشکراوه لە لایان پارێزراوە.

وەزارەتی نەوتی عێراقی، دەبوو بڕی 246 ملیۆن لیتر بەنزین بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام هەتا ئێستا تەنيا 120 ملیۆن لیتر رادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە، لە نێوانیشیاندا پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە کە بڕی 50 ملیۆن و 404 هەزار و 375 لیتریان وەرگرتووە، هەروەها بڕی 67 ملیۆن و 570 هەزار و 154 لیتر بە سەر پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابەشکراوە.
هۆکاری نەگەیشتنی نیوەی دیکەی بڕی دیاریکراو، بۆ ئەوە دەگەرێتهوه کە حکوومەتی عێراق هەر کات تووشی کورتهێنان بێت لە پێداویستی ناوخۆیی خؤی ، بەشی هەرێمی کوردستان نانێرێت.
بۆیە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان سووتەمەنی بەشی پێداویستی خوی بەشی نەکات، ئیتر چۆن سووتەمەنی هەناردەی دەرەوە دەکات؟!
2- نەوتی سپی:
بەهەمان شێوە و بە پێی رێککەوتنی نێوان وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدرال لە ڕێککەوتی 20\11\2021 دەبووایە بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی وەک وەجبەی یەکەم ڕادەستی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام ئەمە نەکراوە.
بڕی گشتی نەوتی سپی کە لە رێکەوتی 20\11 ەوە هەتا ئێستا بۆ هەرێمی کوردستان نێردرابێت، تەنيا 12 ملیۆن لیتر بووە و لە سەرەتای مانگی شوباتی 2022ەوە و لە کاتێکدا کە کەشوهەوای کوردستان زور ساردە هیچ بڕێک لە لایەن حکوومەتی عێراقی فیدرال دابین نەکراوە.
هەروەها نرخی دیاریکراو بۆ هەر لیترێک لە نەوتی سپی بە نرخی بازرگانی 400 دینار لە پاڵاوتگەی بێجی هەژمارکراوە . لە سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش بە نرخی 90 هەزار دینار (بۆ یەک بەرمیلی 200 لیتری) دەکەوێت، لە کاتێکدا هەمان نەوتی سپی بۆ هاوڵاتییانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بە 150 دینار بۆ هەر لیترێک لە لایەن حکوومەتی عیراق پێشکێشیان ئەکرێت. هەرچەندە ئێستا بڕە پارەی نەوتی سپی ڕادەستی حکوومەتی عێراق کراوە، بەڵام بڕی زۆری نەوتی سپی وەرنەگیراوە.
جێگەی ئاماژەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرەڕای قەیرانی ئابووری، بەڵام لە بوودجەی خۆی بڕی بەرمیلێکی (200 لیتر) بە نرخی 55 هەزار دینار بۆ ناوچەکانی شاخاوی و دەوروبەری هەرێمی کوردستان دابین کردووە.
ئێمە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتییانی هەرێم و عێراق. پێشوازیش لە هەر پێشنیازێک دەکەین کە ببێتە هۆی باشتربوونی گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراق بە بێ جیاوازی.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
16ی نیسانی 2022
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.