بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكاری قوربانیانی دەریای ئیجە کۆبووەوەبەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانییانی دەریای ئیجە کۆبووەوە و ڕایگەیاند، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت زیاتر لە 4 هەزار هاووڵاتیمان بەسەلامەتی گەڕاندەوە هەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەکە لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی كەسوكاری قوربانیانی دەریای ئیجە کۆبووەوە.
ڕاشیگەیاند: سەفین دزەیی وێڕای هاوخەمی و سەرەخۆشی لە نزیکەوە بۆ بۆ ئەم ڕووداوە نەخوازراوە ئاماژەی بە دیاردەی کۆچکردن کرد و گوتی، بەداخەوە بەهەر هۆکارێک بێت دیاردەی کۆچکردن بەردەوامی هەیە و گەنجان ڕێگەیەکی پڕ مەترسی هەڵدەبژێرن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ڕووداو و کارەساتەکان زۆرن، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە سنوورەکانی نێوان بیلاڕووسیا و پۆڵۆنیا و لیتوانیا گیریان خواردبوو کە زۆربەیان ژیانیان لە مەترسیدابوو. دوای ئەوە لە ئاوی نێوان فەڕەنسا و بەریتانیا بەلەمێک ژێر ئاوکەوت و ژمارەیەک هاووڵاتی بوونە قوربانی. لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەت زیاتر لە چوار هەزار هاووڵاتیمان بەسەلامەتی گەڕاندەوە هەرێمی کوردستان و تەرمی قوربانییەکانی سنووری فەڕەنساشمان هێنایەوە.
ئاماژەی بەوەش دا کە لە یۆنانیش پێنج تەرم دوای دۆزینەوە و ئەنجامدانی ڕێکارە یاساییەکان گەڕێندرانەوە، لە هەوڵەکانیشمان بەردەوامین، چونکە هەموویان هاووڵاتی و کەسوکاری خۆمانن.
لە بەرامبەردا کەسوکاری قوربانییان سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد کە لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکە بەهانامان هاتن و تا ئێستاش لە هەوڵەکانیان بەردەوامیان هەیە، ئەوان داخوازیان ئەوەبوو تا ئێستا ژمارەیەک کۆچبەر کە لە ڕووداوەکە ببوونە قوربانی بێسەروشوێنن بەدواداچوونی زیاتریان بۆ بکرێت لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی حکوومەتی یۆنان.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە دڵنیایی دانێ و جەختیشی کردەوە کە هەرچی لەدەستیان بێت بۆ سۆراخ و بەدواداچوونی قوربانییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی فیدڕال و کەناڵە فەرمییەکانی حکوومەتی یۆنان ئەنجامی بدەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.