ئەمڕۆ سێشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێ کرا.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، ئاماژەی بە پەیوەندیی دۆستانە و مێژوویی نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان دا و باسی لە سەردانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان کرد و گوتی یەکێک بوو لە سەردانەکانم کە هەرگیز لە بیر ناکرێت و هیوادارم دەرفەتی ئەوەم هەبێت جارێکی دیکە سەردانی هەولێر بکەمەوە.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپاتکردەوە. هەروەها پشتیوانی خۆی بۆ گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی.
سەرۆک وەزیران بۆریس جۆنسن هەروەها ستایشی هەماهەنگیی و ڕۆڵی ئەرێنی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد لە چارەسەرکردنی پرسی کۆچبەران.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی هاریکاری و پشتیوانی بەریتانیا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی کرد کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش بەردەوامن لە هاریکاریکردنی هەرێمی کوردستان.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و برەودان بە وەبەرهێنان کرد و هیواشی خواست کە وەبەرهێنانی بەریتانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە بسەنێت، لەم ڕووەشەوە هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەر ئاسانکارییەکی پێویست پێشکەشی وەبەرهێنەران بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.