Erbil 38°C یەکشەممە 01 ئازار 10:28

مه‌سرور بارزانی: ژینگه‌یه‌كی باش بۆ بزاڤی ڕۆژنامه‌وانی و ئازادی ڕاگه‌یاندن ڕه‌خسێنراوه‌

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە بۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رجه‌م ڕاگه‌یاندنكار و ڕۆژنامه‌وانان، ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ژینگه‌یه‌كی باش بۆ بزاڤی ڕۆژنامه‌وانی و ئازادی ڕاگه‌یاندن ڕه‌خسێنراوه‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاشیگه‌یاند: هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی پیشەییانە هەیە کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌ت بە بۆنەی رۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی:-

لە (124)مین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەكەم ژمارەی (ڕۆژنامەی كوردستان) لەسەر دەستی خواڵیخۆشبوو میر میقداد میدحەت بەدرخان و هاوكارانی، کە هاوكاتیشە لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستاندا، پیرۆزبايیەكی گەرم لە سەرجەم ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم و هیوای بەردەوامی و سەركەوتنیان بۆ دەخوازم.

ڕاگەیاندن پەیامێکی گرنگ و پبرۆزی هەیە کە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و گەیاندنی زانیاریی ڕاست و دروستە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە ڕۆژنامەوانییەكی پیشەییانەی خۆ بە بەرپرسیارزان هەیە، کە بەشدارییەکی کارا و ئەرێنی لە پرۆسەی گۆڕانكاریی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی كۆمەڵگەی كوردستاندا بکات و لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکان و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئیتیكی پیشەیی میدیاكاریدا، بە گیانێكی بەرپرسیارانە و بە باشترین و جوانترین شێوە، لە خزمەتی كۆمەڵگە و ئامانجە نیشتمانییە باڵاکاندا بێت.

جێی خۆشحاڵی و شانازییە کە لە هەرێمی كوردستاندا، ژینگە و دەرفەتێکی باش بۆ کار و بزاڤی ڕۆژنامەوانیی و ئازادی ڕاگەیاندن بە گشتی ڕەخسێنراوە و سەدان دەزگای جۆراوجۆر و فرەدەنگی ڕاگەیاندن، سوودیان لەم کەشە ئازادە وەرگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری کردووە و بەوپەڕی ئازادییەوە کار دەکەن.

 لێرەدا بە پێویستی دەزانم کە داوا لە ڕۆژنامەونووس و ڕاگەیاندنکارە ڕاستەقینەکانی کوردستان بکەم کە ڕێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک، ئەم پیشە و ئەرکە گرنگ و سەنگینە، بۆ مەبەستی تایبەتی خۆیان و ناوزڕاندن و بێ ڕێزی و سووکایەتیکردن بە بەها بەرزەکانی نیشتمان بەکاربهێنن.

لە کۆتاییدا بە ڕێز و پێزانینەوە، یادی ڕۆژنامەوانە پێشەنگەکان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەگەریی و ڕۆشنبیریی كورستانیان کردووە.

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

22ی نیسانی 2022

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.