ماوەی سێ ڕۆژ وەفدێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا چەندین دیداری گرنگیان لەگەڵ گەورەبەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دا، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەریتانیا لەگەڵ حکوومەتێکی بەهێزی هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکەدا.
سەفین دزەیی، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لەسەر داوای فەرمی، وەفدی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران سەردانی بەریتانیای کردووە و چەندین دیداری گرنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و چەندین وەزیردا هەبووە.
سەفین دزەیی گوتیشی: لە کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و بەریتانیادا باردۆخی ناوچەکە تەوەری سەرەکیی دیدارەکانە، هەرێمی کوردستان بەشێکی گرنگە لە عێراق و سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ساڵی 1991 بەریتانیا و وڵاتانی هاوپەیمانان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و دەرکردنی بڕیاری 688 لە کاتی خۆیدا و لەو کاتەدا سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا هاوکار بووە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکوو ئێستا پەیوەندییەکە ماوە و کۆنسوڵخانەیەکی ئەکتیڤیان هەیە لە هەولێر و بەشێکیش بوون لە هاوپەیمانیی دژی داعش.
سەفین دزەیی دەشڵێت: بەریتانیا هەوڵی داوە پەرە بدات بە ئابووری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و زانستی و ئەکادیمی و، دیداری سەرۆکوەزیرانی کوردستان و بەریتانیا بایەخی خۆی هەبوو بۆ هەڵسەنگاندنی باردۆخی ناوچەکە و ڕەوش و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق و، بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و مەترسیی داعش و، وزە و ئابووری و هاندان و بزنسی کۆمپانیاکانی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسی و ئەکادیمی و، مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و لایەنی بەریتانیا لەگەڵ هاوپەیمانان لەو ڕێفۆرمەدا کە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکرێت بەشدارن و بابەتی گفتوگۆی دیدارەکەی هەردوو سەرۆکوەزیران بوو.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاند: لە دەستپێکی ئەم کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بڕیار بوو چەند سەردانێک بکرێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە ئەو دەرفەتانە نەڕەخسان، بەڵام کۆمەڵێ سەردانی سەرۆکی حکوومەت بۆ وڵاتانی کەنداو و بەلجیکا و هۆڵەندا و ئیتاڵیا و یۆنان و چەند وڵاتێکی تر هەبووە، سەردانی بەریتانیاش دەمێک بوو لە بەرنامەدا بوو، دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خەفیف بوو بەرنامەکە ڕێک خرا و ئەو سەردانە سێ ڕۆژەیە دیدارێکی چڕوپڕ بوو، کاتەکەیشی گرنگە، لەبەر ئەوەی دنیا بە کۆمەڵێ قەیراندا تێ دەپەڕێت، لە وزە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خودی عێراق وا دەخوازن ئەو دیدارانە ئەنجام بدرێن، ڕوانگە و ڕای جیاواز ئاڵوگۆڕ بکرێن کە چۆن دەتواندرێت لە بەرژەوەندیی سەقامگیریی ناوچەکە بەگشتی و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان و عێراق هەماهەنگیی پێویست بکرێت .
سەفین دزەیی ئاماژەی بەوەش کرد: لەو دیدارە زۆرانەی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و وزە و کارسازی و پەروەردە و تەندروستی و کۆمەڵێ بەرپرسانی تریش کرا، دەرفەت دروست دەبێت هەنگاو بندرێت بۆ پتەوکردنی زیاتری بوارە جیا جیاکان و، لە بابەتی پەروەردەوە گفتوگۆیەکی زۆر کرا، لە مانگی داهاتووشدا وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا لە کۆنفڕانسێکی پەروەردەیی لە بەریتانیا بەشداری دەکات.
گوتی: سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ کوردستان دووپات کردەوە و خوازیاری ئەوەن حکوومەتێکی بەهێزی کوردستان لە ناوچەکەدا هەبێت، لەسەر بنەمای دەستوور و پراکتیزەی مافەکانی خۆی بکات، پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیە دەکەن.
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: باس لە بابەتی ڕەوانەکردنی غازی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا دەکرێت، هیچ کات هەوڵمان نەداوە ببینە بەدیل بۆ هیچ وڵاتێک، دنیا پێویستی بە سووتەمەنی هەیە و ئەوەی هەیە لەم قۆناغەدا پەرەی پێ بدەین و پێداویستییەکانی خۆمان پڕ بکەینەوە، ئەویش ئەگەر تاکوو ساڵ و نیوێکی تر بگەینە ئەو ئاسته و پاشان بەشەکانی تری عێراق و لە داهاتووشدا بەشی زیاتر هەبوو دەکرێت هەناردەی دەرەوە بکرێت، نەک وەک لە جێگرەوەی وڵاتان هاوکار بێت بۆ بەشێک لەو پێداویستییانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.