سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، ھەروەک چۆن ئەمیرە یەک لە دوای یەکەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشیان لەناوبردووە، بەھەمانشێوە ئەمیرە نوێیەکەی رێکخراوەکەیش لەناو دەبەن.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە کە مستەفا کازمی لەمیانی سەرپەرشتیکردنی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی "ئیرادەی پۆڵایین" کە بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای ئەنبار دەستی پێکردووە، لە پلانی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادارکراوەتەوە.
باسی لەوەش کردووە کە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی لەمیانی سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکە گوتوویەتی: بە تیرۆریستانی داعش دەڵێین، ئێوە لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە ئێمەتان تاقیکردەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا، رۆژ لە دوای رۆژ ئێمە سەرکەوتن لە دوای سەرکەوتن تۆمار دەکەین و ئێوەش رۆژ لە دوای رۆژ تووشی شکست دەبن، جگە لە مردنیش ھیچ بژاردەیەکی دیکەتان لەبەردەمدا نییە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە مستەفا کازمی راشیگەیاندووە: ھەروەک چۆن ئەمیرە یەک لە دوای یەکەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعشمان لەناوبردووە، بەھەمانشێوە ئەمیرە نوێیەکەی رێکخراوەکەیش لەناو دەبەین، شکست بە تیرۆریستانی داعش دەھێنین و مێژووی خۆمان بە سەرکەوتن و قوربانیدان دەنووسینەوە.
ئەمڕۆ شەممە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق قۆناغی دووەمی "ئیرادەی پۆڵایین"یان بە ئامانجی پاشماوەکانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ناوچەکانی رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەست پێکرد.
وێڕای ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا، سەرکەوتنی بەسەر رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی رووبەری ئەو خاکەی کە رێکخراوەکە لە ھاوینی 2014دا دەستی بەسەردا گرت، راگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا رێکخراوەکە لە رێگای پاشماوە و شانە نووستووەکانییەوە ناو بەناو کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدات، بەتایبەتیش لە ژمارەیەک ناوچەی سەربە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین، دیالە و ئەنبار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.