Erbil 38°C یەکشەممە 01 ئازار 05:00

وەزارەتی شەهیدان: بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدراون تا قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکرێتەوە

کوردستان TV
100%

وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە لە ساڵیادی شەهیدانی بۆردومانی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی جەختی کردەوە کە بەردەوام دەبن بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی دژ بە گەلی کورد ئەنجامدراون تا حکوومەتی عێراق قەرەبووی زیانلێکەوتووان دەکاتەوە.

وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوەکە نووسیویەتی " بەردەوام دەبین بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەمجۆرە تاوانانەی کە دژ بەگەلەکەمان ئەنجامدراوە، تاوەکوو ئەوکاتەی کە حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی مادەی 123ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان دەکات وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا دەقنووسکراوە."

دەقی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان:-

 لەڕۆژی 24 ی نیسانی ساڵی 1974 دا دروست 48 ساڵ پێش ئەمڕۆ و له‌ درێژەی زنجیرە تاوانکارییەکانی ڕژێمى به‌عسى ڕووخاو دژ به‌گه‌له‌كه‌مان و به‌هۆى ترسى دوژمن له‌ئاوێته‌بوونى تێکۆشانی  چه‌ك و قه‌ڵه‌مى به‌رگرى و كۆبوونه‌وه‌یان له‌یه‌ك سه‌نگه‌رى خەبات و تێکۆشان، شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی لەناوچووی بەعسەوە بۆردمانکرا و لەئەنجامدا 123 هاووڵاتی سڤیل و فەرمانبەر و خوێندکار و مامۆستاى زانکۆی سلێمانی (زانکۆی دایک) کە ئەو کات لە قەڵادزێ بوو، شەھیدبوون و زیاتر لە 400 هاوڵاتی دیکەش برینداربون و بەشێکی شارەکە بەتەواوی وێرانکرا و ژمارەیەک لە دانیشتوانەکەشی ئاوارەبوون.

 دوای ئەوساڵە و وه‌ك بیرەوەرییەکی کارەساتبار ساڵانه‌ یادی شەهیدانی ئەو کارەساتە ده‌كرایه‌وه‌.

 لەپاش هه‌شت ساڵ و لە بیرەوەری و یادکردنەوەی ئەو مەرگەساتەدا و لە ڕۆژى  24 / 4 / 1982 بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان و قوربانیانی بۆردومانەکەی قەڵادزێ ،خەڵکی تێکۆشەر و خۆڕاگری ئەو شارە خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان بۆ پرۆتستۆکردنی سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعس ئەنجام دا کە بەداخەوە لەلایەن دارودەستە و هێزە چەکدارەکانی ڕژێمەوە بە گوللە وەڵامی خۆپیشاندەران درایەوە و چەندین هاووڵاتی شەهید و بریندارکران و چەندان کەسیشیان ڕاپێچی زیندانە تاریکەکانی ڕژێم کران ، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بە ئامانجی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان و قوربانیانی بۆردومان و ڕاپەڕینی قەڵادزێ و زانکۆی سلێمانی، لە ڕێکەوتی 4 / 3 / 2013 بە بڕیاری (2262) ڕۆژی 24 / 4 وەک ڕۆژی (شەهیدی زانکۆ) دیاری کرد و داوای لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکان کرد کە ساڵانه‌ له‌و ڕوژه‌دا به‌چالاکی ڕۆشنبیری و زانستی یادی شەهیدان و قوربانیانی زانست و قه‌ڵه‌م لە کوردستان به‌رز ڕابگرن.

کەسوکاری هەمیشە سەربەرزی شەھیدانی مەرگەساتی قەڵادزێ.

 ئێمە لەوەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان  لە کاتێکدا لەخەمی  خزمەتکردنی باشتری کەسو کاری شەهیدانداین وهەمو هەوڵەکانیشمان بۆئەم مەبەستە خستۆتە گەڕ،  لە هەمانکاتدا بەردەوام ئەبین بۆ بەجینۆساید ناساندنی ئەمجۆرە تاوانانەی کە دژ بەگەلەکەمان ئەنجامدراوە

تائەوکاتەی کە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی مادەی 132 ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشوو دەکاتەوە و کار بۆ گەشەپێدانی ناوچە کارەساتبارەکان دەکات وەک ئەوەی لە دەستووری هەمیشەیی عیراقدا دەقنووسکراوە.

 دروود بۆ گیانی شەھیدانی ئەو مەرگەساتە وسەرجەم شەهیدانی کوردستان

 سڵاو لە خۆڕاگریی و تێکۆشانی خانەوادەکانیان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.