Erbil 38°C شەممە 28 شوبات 21:38

رەوشی درامای كوردی بەرەو كوێ‌؟

کوردستان TV
100%

                             
لەو رۆژانەدا زێتر لەرۆژان  قسە و باس لەسەر پرسی درامای كوردی دەكرێت، چونكە  ئەو چەند بەرهەمەی  ئێستاو  لەچەند ساڵی دواییشدا نمایش كران، ئومێدێكی ئەوتۆیان پێ‌ نەبوو بۆ رزگار بوونی درامای كوردی لەو حاڵەتە چەقبەستووەی  درامای كوردی دەمێكی دوورە بەدەستیەوە  دەناڵێنێ‌. 
ئەوەی  بینیمان  پێمان  دەڵێ‌، جارێ‌ كاتی زۆرمان لەبەردەم  ماوە  بتوانین  بەو  توانستە دیاری كراوەی هەمانە، ئەو زەمینە  لەبارە  بڕەخسێنین، ئەو  تەمو مژە  خنكێنەرەی درامای كوردی بەئاسانی  بڕەوێنینەوە.
 پێشم وایە  دەبێت  هەموومان  بێ‌ گرژ بوون  بوێری ئەوەمان هەبێت  دان  بەو  واقیعەدا  بنێین  ئەگەر بەراستەقینە نیەتمان  گۆڕینی ئەو واقیعە نەخوازراوەی  درامای كوردی  و گەڕانەوەیەتی  بۆ  رەوشی  تەندروست و راستەقینەی خۆی، ئەوە  دەست لەو چەند ئەزموونە شكست  خواردوانەی  ئەو چەند ساڵە بشۆین و سوود لەهەڵەكانیان  وەربگرین، ئەگەرنا بەردەوام بوون و خولانەوە  لەهەمان بازنەو خۆ هەڵخەڵەتاندن لەپێناو پاراستنی  بەرژەوەندییە تایبەتیەكان، ئەوە ئاستەنگەكانی بەردەم درامای كوردی  قوڵتر دەكەنەوە.
بۆ هەر ئامانجیكی چاكسازی ئایندە، دەبێت ئەو چەند ئەزموونە بكەینە نموونە و گرنگترین هەڵەكان دەست نیشان بكەین،  بێ‌ دۆزینەوەی ئەو هەڵاتەش  ناتوانین راستیەكان بناسینەوە.
من لای خۆمەوە و لەرێگەی بەسەركردنەوەو پێدا چوونەوەم  بەو بەرهەمانە كۆمەڵێ‌ هەقیقەتم بۆ یەكلا بۆوە  وەك:
1. هەندێ‌  لەو بەرهەمانە هەندێ‌  هاوكێشەیان  گَۆڕی و دەریان خست  كە پرسی دارایی پرسێكی بنەڕەتی نیە لەچارەنووسی دراما، ئەگەر ئەو داراییە وەك پێویست بۆ كاری بەرهەمهێنانی دراما بەرجەستە نەكراو  بوو  بەسەرچاوەیەك  بۆ گەندەڵی و چاو تێبڕین.
ئامانج لەدەستپێكی هەر كارێكدا چارەنووسی  بەرهەمی لەسەر  وەستاوە، ئەگەر ئامانج داهێنان و پێشكەوتن بێت  شتێكەو ئەگەر ئامانجیش لەكۆڵ كردنەو تێپەڕاندن  بێت بۆ گەیشتن  بەئامانجە مادییەكە ئەوە شتێكی ترە.
لە رەوشی درامای كوردی و لەسەردەمی  نوێ‌ دا  زۆرن  ئەو  بەرهەمانەی  نەك  هەر تەنها  بوون بەمایەی  بەهەدەر چوونی  زۆر  دەرفەت و متمانە، زەرەرو زیانێكی گەورەشیان بەبەهاو ئاستی هونەریی دراما گەیاند.
بۆیە ئێستا پێشبینی گەورەی  شكست هێنان  لەو  بەرهەمانەدا دەكرێت، كە گەورەترین یودجەیان  بۆ تەرخان  دەكرێت، نەك بچووكترین بودجە.
لەسیسەمی بەرهەمهێناندا  لای ئێمە، گرێ‌ بەست  لەگەڵ دەرهێنەردا دەكرێت  نەك لەگەڵ بەرهەمهێنەر، دەرهێنەریش دەست كراوە  دەبێت لە پرسی دارایی و مەزاجیەت و تەوزیف كردنی پارە بۆ بەرهەم وەك پێویست، بۆیە پرسی دارایی  زۆر جاران  كاریگەری  دەبێت  لەسەر چارەنووسی بەرهەم.
لەو بەرهەمانەی  بودجەی  گەورەیان  بۆ  تەرخان دەكرێت، كۆمەڵێ‌  ئەلەقاتی گەندەڵی هاوبەش دروست دەبێت، لەنێوان  ئەوانەی بودجە دیاری دەكەن لەگەڵ دەرهێنەر، ئەوانیش بۆ بەرژەوەندی خۆیان چاوپۆشی لە نەبوونی دەق  یا كەمو كوڕیەكانی دەكەن، كاتێك كە كارەكە كەوتە بواری جێ‌ بەجێ‌ كردنەوە، چار نامێنێ‌ تەنیا تەواو كردن  نەبێت  بەهەموو  كەم و كوڕیەكانیەوە.
سەیرە بوجە بۆ بەرهەمێك خەرج بكرێت ، كە دەقی نەبێت و كەس نەزانێ‌ ئەو دەقە باسی چی دەكات !
2. دەرهێنەر:
زۆربەی ئەو درامایانەی بەرهەم دەهێندرێن دەرهێنەری پرۆفیشنالی تایبەت بەدراما نین، بەڵكو ئەكتەری بواری شانۆ، كاری تەلەفزیۆنین ، بەهۆی پەیوەندی تایبەتی هەلی ئیش كردنیان زێتر لەو دەرهێنەرە پرۆفیشنالانە دەست دەكەوێ‌  كە  هەندێ‌ جار وەك ئەكتەری لاوەكی لای ئەو دەرهێنەرانە كار دەكەن.
 دەرهێنەری  وا هەیە لەژیانیدا شتێ‌ لەئەلف و بێی دەرهێنان نازانێ‌، بەڵام ئەم سەركێشیە  دەكات و زنجیرەی دوورو درێژی دراما  ئەنجام دەدات، بێباك لەئاكام و  ئەو  بەرپرسیاریەتە قورسەی  دەكەوێتە سەر شانی.
زۆر لە دەرهێنەرانی  ئێمە  كەوتونەتە ژێر كاریگەری بەرهەمە بیانیەكان و لاسایی كردنەوەیەكی  كوێرانەی كولتووری توركی، بەمەش لە رۆحیەت و خەسڵەت و كولتوری نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی  كۆمەڵگەی كوردی و كێشەو ئاریشاكانیان دوور دەكەونەوە، هەر چیەك  بكەن  ناتوانن  گوزارشت  لەو كۆمەڵگەیەو خواستەكانی بكەن.
لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا  ئەو دیاردەیە بەشێوەیەكی ناوازەو  دیار  فۆرم و روخساری درامای كوردی دەركەوت و رووی درامای كوردی ناشیرین نیشاندا.
هەندێ‌ لەو دەرهینەرانە  ویستیان بە تەكنیك و وێنەگرتن و كوالیتی رەونەقدار بینەر چەواشە بكەن، بەڵام بینەری هوشیار درك بەراستیەكان دەكا.
كاتێك تەكنیك دەتوانێ‌ شوێنی خۆی بگرێت، كە بۆ خزمەتی دراما تەوزیف كرا نەك بۆ چەواشە كردنی چاو بەكار بێت.
هەندێ‌ دەرهێنەری تر هەوڵیان دا هەڵس و كەوت لەگەڵ ژمارە دا بكەن و زۆرترین ئەلقە لە زنجیرەیەكدا بەرهەم بهێنن، بەڵام چونكە تواناو دەسەڵاتی درامای كوردی توانایەكی دیاری كراوە، وێڕای زۆر لەخۆ كردن و دروست كردنی پینەو پەڕۆ تەنها لەپێناو دەستكەوتنی زۆرترین بڕی بودجە  بوونە هۆكار بۆ سەقەت كردنی  زنجیرەیەك.
3.سیناریۆ
كێشەیەكی بنەڕەتی  درامای  كوردی كێشەی قەیرانی سیناریۆیە كە تا ئێستا وەك بۆشاییەكی بەر فرەوان لەپانتایی درامای كوردی دا دەردەكەوێت.
بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە تا ئێستا زۆر لەدەرهێنەران پشتیان بەتوانای خۆیان بەستووە، كە هەم دەرهێنەرو هەم سیناریۆ نووس و هەندێ‌ جار ئەكتەریش بن .
رەنگە نووسینی سیناریۆ و دەرهێنان و نواندن  بەیەكەوە  ئەركێكی قورس بێت، بەڵام هەندێ‌ لە دەرهێنەران  بەناچاری  یا  بۆ بەرجەستە كردنی تێڕوانین ئەو كارە دەكەن.
هەندێ‌ جار كێشە لەوەدا دروست  دەبێت كە دەرهێنەر توانای نووسینی سیناریۆی نیەو تەنیا پشت بەوێنەو هەندێ‌ كورتە دیالۆگی لاوەكی دەبەستێت، بی بایەخدان بەدروست كردنی گرێ‌ و چارەسەر كردن و قوڵ بوونەوە لەكاراكتەرو درووست بوونی ململانی و بونیاتی درامی,
 هەموو ئەمانە وا دەكەن كە دراماكە روویەكی رووكەش وەرگرێت و هەموو توخمەكان  بەكەم وكوڕی بمێننەوەو درامایەكی بێ‌ رەگو ریشە بێت.
لەزۆر بەرهەمدا هەر سێ‌ رەگەزی دەق، سیناریۆ، دیالۆگ تایبەتمەندی و كاریگەری  خۆیان هەیەو ناكرێت هیچیان فەرامۆش بكرێن .
4.ئەكتەر:
داخەكەم زۆر لەئەكتەرە سەنگینەكانی بواری شانۆو دراما  بەها  هونەرییەكانیان لە بەرهەمی ئەو چەند ساڵەی دوایی دا بەنرخێكی هەرزان لە دەست دا، بەهۆی لاوازی باری ئابووری و نەبوونی هەلی كار كردن.
ئەكتەری ناسراوی وا هەیە خۆی بە كۆڵەگەی دراما زانیوە، كەچی بۆ بڕێ‌  پارە لە  بەرهەمیێكدا بەشداری كردووە  بێ‌ ئەوەی  دەق  ببینێ‌، لە ناوەڕاستی  بەرهەمدا پەشیمان دەبێتەوەو  رادەكاو كار بەجێ‌ دێڵێ‌.
بۆیە ئەو حاڵەتە نامۆیەی  ئەمڕۆكە  هاتۆتە پێشەوە،  لەخۆراِیی دروست نەبووەو  زۆرێك لە دراما كارەكان  خۆیان هۆكاری  راستەقینەی ئەو پاشەگەردانیەن.
كاتێك ئەو هۆكارانەی  ئێستا  لەپشت درامای  كوردی دا  نەبووەو  ئامانج  تەنیا لەپارەدا كۆ نەبۆتەوە، زۆر بەرهەمی بەپێز لەدرامای كوردی دا  دروست  بوونە، كە بە بەرهەمی زێڕین ناو دەبرێن.
لەقۆناغە سەرەتاییەكانی سەرهەڵدانی درامای كوردی دا، بەو تەكنیك و كوالیتە لاوازو پەڕپووتانەی  تەلەفزیۆنی رەشو سپی  دراماكانی  وەك مەرەزە، جەنابی موفەتیش، پیسكەی تەڕپیر، باوەژن خوا بناسە، لالۆ كەریم، مەسەلەی شارێك، فیلەكەی خاوەن شكۆ، خولەی چەخماخەو دەیان بەرهەمی نایاب، پاشان لەسەردەمی تەلەفزیۆنی  رەگاو رەنگ دا، بەرهەمەكانی وەك هەبوو نەبوو، تاپۆ هەقی چیە، گەردەلوول، مەمی ئالان،  گەڕەكەكەمان،ئارەزوو.
   ژاڵە ـ كە بە سونبولی درامای كوردی دەژمێردرێت وهەڵگری كۆمەڵێ‌ پرسی نەتەوەیی وروژێنەری لەسەردەمێكی زۆر هەستیاردا خستە روو، ویستی بڵێ‌  كێشەی گەورەی  ئەو نەتەوەیە  كوێرەوەری و نەزانین و  نامەعریفەت و نەخوێندەوارییە، دەبێت كار بۆ هێنانە پێشەوەی  نەوەیەكی چاوكراوەو هوشیار بكرێت، بتوانێت بەرەنگاری هێزی  ستەمكاری وداگیر كاری  بێتەوە.
هۆكاری سەرەكی لەسەركەوتنی بەرهەمەكە ئەو حەماسە  نەتەوەییە شۆڕشگێڕیە و ئەو نواندنە بەهێزەی ئەكتەرەكان بەگشتی و جیهاد دڵپاك  بەتایبەتی  بو، كە ببوو بە داینمۆی زنجیرەكە، بەهاوكاری موزیكە وروژێنەرەكەی  سەڵاح رەئووف.
لەوەتەی  زنجیرە  درامای ماڵەكەی مەعروفیش  لەنووسینی  ماهیر حەسەن و دەرهێنانی رەحیم زەبیحی  نمایش كراوە،  تاوەكو ئیستا دەیان  زنجیرە  دراما   بەبەرهەم هاتوون،  
 تا ئێستا وێڕای هەموو  ئەو هەوڵانەی  ئەنجام دراون، بەتەرخان كردنی  بوجەی زەبەللاح و  كادیری  تەكنیكی پێشكەوتوو بۆ ئەو زنجیرانە،  كەچی هیچ  لەو زنجیرانە نەیانتوانیووە  لەرووی هونەریی و بابەتەوە  لەئاستی ئەو زنجیرەیە تێپەرێنن و بەو راددەیە تینوویەتی  بینەر بشكێنن كە پێویستە.
 بۆیە پێویستە  ئەو  هونەرمەندانەی  كار لەسەر بەرهەمهێنانی  دراما دەكەن،بەر لەوەی رەنج و ماندوو بوونیان لە ئاكامێكی نەرێنی بەهەدەر بچێت، هەق وایە  سوود لەئەزموونی ئەو كارانەی وەك ماڵەكەی مەعروف وەربگرن و  بەدوای ئەو نهێنیانەدا بگەِڕێن كە فاكتەری سەركەوتن و مایەی وەرگرتنی بینەرن .
بۆ دروست بوونی هەر بەرهەمێكی درامیش،  گرنگە هەمو رەگەزوپێكهاتەكانی  كارە هونەرییەكە لە بەرچاو بگیرێ‌  بە یەكسانی، نەك  بایەخ بە رەگەزیك  بدریو  ئەوانی تر فەرامۆش بكرێن و هاوسەنگی دراماكە تێك بچێت .
 بۆ نموونە چەند بایەخ  بە وێنەگرتن دەدرێت، ئەوەندەش بە دەق ،  چەند بە شێوە، ئەوەندەش بە ناوەرۆك.
حه‌یده‌رعه‌بدولڕه‌حمان

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.