نیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەم بەسەرپەرشتی ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، سەبارەت بە ئامادەکارى بۆ بەڕێوەچوونى یاریی شەوى شهممهى نێوان یانەى وەرزشى هەولێر و یانەى وەرزشى زاخۆ له خولی نایابی عێراق، ههروهها داڕشتنى پلانی ئەمنی و رێکارەکان بۆ ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز، لەدیوانى پارێزگا کۆبوونەوەى لێژنەی ئەمنی پارێزگاى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکەدا، وێڕاى جەختکردنەوە لەسەر پاڵپشتیکردنى سەرجەم خاڵەکانى بەیاننامەى یانەى وەرزشى هەولێر، ئامادەکارى تەواو داڕێژرا بۆ شەوى بەڕێوەچوونى یاریی نێوان یانەى وەرزشى هەولێر و یانەى وەرزشى زاخۆ له خولی نایابی عێراق، هەروەها کۆبوونەوە تەئکیدى لەسەر ئەوە کردەوە کە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان شارى خۆشەویستی و میواندۆستییە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەهیچ رەفتارێکى نەخوازراو یان کەسانێک نادرێت بیانەوێت لە نێو یاریگەی شەهید فڕەنسۆ هەریری ڕهفتاری ناوهرزشی ئەنجامبدات.
هەروەها داواش لە هاندەرانى خۆشەویستى هەردوو یانەى زاخۆ و هەولێر کرا بەوپەڕى گیانى وەرزشییەوە پاڵپشتى یانەکانیان بکەن و ئەنجامى یارییەکەش هەرچییەک بێت (دۆڕان یان بردنەوە) بۆ هەردوو یانە وەک یەک وایە و هیچ جیاوازییەک نییە لەنێوان زاخۆ و هەولێر.
لە تەورێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، سەبارەت بە ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ لە ڕۆژانى جەژنى ڕەمەزانى پیرۆز و پاراستنى ئاسایش و ئارامى هەولێرى پایتەخت و سەر و ماڵ و گیانى هاوڵاتییان، کۆبوونەوە تەئکیدى لە گرتنەبەرى هەموو ڕێکارێکى پێویست لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنییەکان و تیمە تەندروستییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە ڕۆژانی جەژن کردەوە، داواشى لە هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کرد، وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگى سەرجەم هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.