دكتۆر عارف حیتۆ،بەڕێوەبەری گشتی كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، دەڵێت: تا ئێستا 133 هەزار كرێكار لە دەستەبەری كۆمەڵایەتی تۆماركراون و ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەو ژمارەیەش 14 هەزاریان كرێكاری بیانین و ئەوانی دیكە كرێكاری ناوخۆن.
دكتۆر عارف حیتۆ دەشڵیت: لە وەزارەتی كار لەگەڵ قەیرانی دارایی پلانێكمان دانا بۆ كەمكردنەوەی كرێكاری بیانی و رەخساندنی دەرفەتی كار بۆ كرێكاری خۆماڵی، بۆیە ئەو كرێكارانەی لە رێگای وەزارەتەوە دێنە هەرێمی كوردستان، زۆربەیان كرێكاری خزمەتكاری ناوماڵن چونكە ئەو جۆرە كرێكارانە لە كوردستان دەستناكەوێت بۆیە ئەو خەڵكانەی كە كرێكاری ناوماڵیان پێویستە، ئەوا كرێكارەكان دەهێنن، ئەوانە زیاتر لە وڵاتە ئەفەریقییەكان و ئەندۆنیزیا و وڵاتە ئاسیاییەكانەوە دێن.
لەبارەی ژمارەی ئەو كۆمپانیایانەی كە كرێكارانی بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بە گشتی مۆڵەت بە 197 كۆمپانیا دراوە كە كرێكاری بیانی دەهێننە هەرێمی كوردستان، بەڵام لەو ژمارەیەش لە ئیستادا تەنیا 51 كۆمپانیا كاران، ئەوانی دیكە یان راگیراون یان لە لیستی رەشدان، هەر كۆمپانیایەكی هێنانی كرێكاری بیانی بەپێی رێنماییەكانی ئێمە كار نەكات ئەوا بەپێی سەرپێچییەكە جۆری مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا سەبارەت بە ئاماری خانەنشینانی كەرتی تایبەت، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "خانەنشینەكانی كەرتی تایبەت ژمارەیان لە 800 كەس تێنەپەڕیووە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە كە كاتێك كرێكارێك ساڵێك بەسەر تەواوبوونی گرێبەستەكەی تێپەڕدەبێت، دێ داوای پاداشتی كۆتایی خزمەت دەكات، ئەو پاداشتەی كە لەلای ئێمە وەردەگیرێت دوای ئەوە دەستبەرداری هەموو مافێكی خۆی دەبێت بۆ خانەنشینكردن، هەر بۆیە گرنگی دەستەبەركردن ئەوەیە كە كۆمەڵێك ئیمتیازی تێدایە ئەویش بریتیە لەوەی كە كرێكاری كەرتی تایبەت وەكو كارمەندی كەرتی گشتی بۆی هەیە خانەنشین بێت بەڵام بە مەرجێك پیاو تەمەنی بگاتە 60 ساڵ و ئافرەت 55 ساڵ، یان پیاو 25 ساڵ و ئافرەت 20 ساڵ خزمەتی هەبێت، ئەوا ئەوكاتە مافی خانەنشینی دەبێت، ئەگەر تەمەنەكە گەیشتە 60 ساڵ و ئەو خزمەتەی نەبوو، ئەوا پاداشتی كۆتایی پێ دەدرێت.
لەبارەی ئەوەی بۆچی دەستەبەری كۆمەڵایەتی ئەو فەرمانبەرانە ناگرێتەوە كە لە كەرتی تایبەت كار دەكەن، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: پڕۆسەی دەستەبەركردن بابەتێكە كە كرێكار پشتڕاست بێت كە مافی ژن و منداڵەكەی پارێزراوە، ئەوەی لە حكوومەت خانەنشین بێت ئەوا ئەو مافەی هەیە و ناتوانێت دەستەبەر بكرێت.
هەندێكجار كرێكار لەمیانی كاركردندا تووشی پێكان یان كەمئەندامی دەبێت و ئەمەش توانای كاركردنی لەدەست دەدات، سەبارەت بەم پرسەش، دكتۆر عارف حیتۆ دەڵێت: "بەپێی یاسا هەر كەسێك لەسەر كار تووشی پێكانی كار ببێت، ئەگەر پلەی پەككەوتنی سەد لە سەد بێت ئەوا مووچەی سەد لە سەدی پێ دەدرێت و ئەگەریش كەمتر بوو ئەوا شەش مانگ جارێك دەبێت راپۆڕتی پزیشكی هەبێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای ئەو راپۆڕتە، مووچەی پێ دەدرێت.
دكتۆر عارف حیتۆ: 133هەزار كرێكار لە هەرێمی كوردستان دەستەبەركراون
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.