Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 17:50

گەرمیان؛ لە یەکەم ڕۆژی جەژن 5 ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا ژمارەیەک برینداریشی لێکەوتەوە

کوردستان TV
100%


بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی پێنج ڕووداوی هاتووچۆ لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان هەشت کەس برینداربوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کران.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە کە "ئەمڕۆ دووشەمە لە یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان بەهۆی پێنج ڕووداوی هاتوچۆ لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان هەشت کەس برینداربوون، یەکێک لە ڕووداوەکان پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری (توێتا ئەڤەلۆن) و ماتۆڕسکیلێک بوو کە لە ناحییەی ڕزگاری ڕوویدا، بەهۆیەوە دوو کەس کە شوفێر و سەرنشینێکی ماتۆڕسکیلەکەبوون برینداربوون."

ئەوەشی خستەڕوو کە "سەرجەم ڕووداوەکانی دیکە لەناو شاری کەلاردا ڕوویداوە، بەهۆیەوە شەش کەس برینداربوون، یەکێک لە ڕووداوەکان مێردمنداڵێک لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری مینی پاس کەوتووەتە خوارەوە لە گەڕەکی سەرکەوتن، ڕووداوەکانی دیکە پێکدادان بووە، بەشێوەیەک، دوو ئۆتۆمبێلی جۆری (لانسەر و MG ) لە پشتێنەی شاری کەلار "حەولی" پێکیاندادا و سێ کەس برینداربوون."

ئاماژەی بەوەش دا کە "ماتۆڕسکیلێک و سێ ئۆتۆمبێل لە جۆری (نیسان اڵتیما و BM و مازدا) لە نزیک بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی گەرمیان پێکیاندادا، بەهۆیەوە شوفێری ماتۆڕسکیلەکە برینداربوو، پاشان ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرد لە بەرامبەر پەیمانگەی تەکنیکی کەلار لە پاسکیلسوارێکی دا و بەهۆیەوە برینداربوو.

جەختیشی کردەوە کە "سەرجەم بریندارەکان گەیەنرانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان لە لایەن تیمی هاتوچۆوە دەستی پێکردووە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.