Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 14:33

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق: دۆخی شارۆچكه‌ی شه‌نگال له‌ژێر كۆنتڕۆله‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌م ڕایگه‌یاند، هێزه‌كانی سوپا و پۆلیسی فیدڕالی دۆخی ناو شارۆچكه‌ی شه‌نگالیان كۆنتڕۆڵ كردووه‌ و ئێستا دۆخه‌كه‌ له‌ سنووره‌كه‌ ته‌واو ئارامه‌.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجی گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ڕایگه‌یاند: هاووڵاتییانی شه‌نگال ڕۆلی سه‌ره‌كییان هه‌بوو له پاڵپشتیكردنی هێزه ئه‌منییه‌كان و هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی شارۆچكه‌كه‌یان.

ڕاشیگه‌یاند: ئێستا هیچ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و دیارده‌یه‌كی چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌نێو شارۆچكه‌ی شه‌نگال نه‌ماوه‌ و چه‌كیش ته‌نیا له‌ده‌ست ئه‌ندامانی سوپا و پۆلیسی فیدڕالییه‌ له‌ سنووره‌كه‌.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ سێشه‌م هه‌ندێك لایه‌ن ویستبوویان ڕێگری و ئاسته‌نگ له‌سه‌ر ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كان دروست بكه‌ن، به‌ڵام هێزه‌كانی سوپای عێراق توانیان ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ لابه‌رن.

هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی شه‌نگال له‌كاتێكدایه‌ كه‌ دوێنێ دووشه‌م هه‌ندێ ئاڵۆزی و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی سوپای عێراق و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌نێو سنووری شارۆچكه‌ی شه‌نگال دروست ببوو.

هێزه‌كانی سوپای عێراق بۆ سه‌پاندنی یاسا و جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتننامه‌ی شه‌نگال و پاراستنی ناوچه‌كه‌، داوایان له‌ لایه‌نگر و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ كردبوو شارۆكه‌كه‌ چۆڵ بكه‌ن و به‌مه‌ش شه‌ڕ له‌نێوانیان دروسبتبوو و له‌ ئه‌نجامیشدا ئه‌ندامێكی سوپای عێراق كوژرابوو.

جێی باسه‌ بەھۆی ئه‌م شه‌ڕ و پێكدادانانه‌ی نێوان سوپای عێراق و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی 2 ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر له‌ 701 خێزان (کە 4 ھەزار و 84 کەسن) لە شنگالەوە ئاوارەی ناوچەکانی پارێزگای دھۆک ببوون.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.