Erbil 38°C شەممە 23 ئاب 18:52

خشته‌و گرنگی كوتانەكانی منداڵان بزانه‌

کوردستان TV
100%


له‌گه‌ڵ له‌ دایكبوونی منداڵان،چه‌ندین جۆری كوتانی منداڵان ،ده‌ست پێده‌كات ، له‌م بارییه‌وه‌،
د. رزا حەسەن حسێن، پزیشكی پسپۆری نەخۆشی منداڵان و تازە لەدایكبووان،ده‌ڵێت" بەپێی خشتەیەك منداڵان دەكوترێن، كە لە ١٣ جۆر نەخۆشی گواستراوەی جیاواز دەیانپارێزێت كە پێویستە هەموو دایك و باوكێك كاتەكانی بزانن و پشت گوێی نەخەن".
*خشتەكە بەمجۆرەیە:
هەفتەی یەكەم ، دوومانگی، چوار مانگی، شەش مانگی، نۆ مانگی، پانزە مانگ، هەژدە مانگی، ٤-٦ ساڵان.
*ئایا كوتان منداڵ نەخۆش دەخات؟
نەخێر ، تەنها هەندێك نیشانەی لاوەكی وەكو سووربونەوە و ئازار لەشوێنی دەرزیەكە، تاو گیان ئێشە، كە ئەمانەش كاتین و ئاسایین، بۆیە دوودڵ مەبن و كوتانەكانیان پشتگوێ مەخەن.
 *ئەو هەڵانە چین زۆرجار لە سەنتەرەكانی كوتان ئەكرێت؟
زۆر جار ئەبینین لەبەر هەندێك حاڵەتی ناپێویست كوتانیان بۆ منداڵەكە نەكردووە لەوانە زەردوویی منداڵی كۆرپە. 
بەهیچ جۆرێك پێویست ناكات لەبەر زەردوویی هیچ دۆزێكی كوتان نەكرێت یان دوا بخرێت بەتایبەت ئەگەر منداڵەكە شیرخواردنی باش بێ و ووریا بێ .
هیچ كوتانێك نابێ نەكرێت لەبەر پەتای وەرزی و سكچوونی كەم، بەتایبەت ئەگەر تای زۆر بەرزی نەبێ.
نابێ هیچ كوتانێك دوابخرێت بەبیانووی كەم كێشی یاخود نەبەكامی منداڵ ، تەنها كوتانی ڤایرۆسی جگەر جۆریB، كە لە هەفتەی یەكەم ئەكرێ  دوائەخرێت تا یەك مانگ یان تا كێشی دەبێت بە دوو كیلۆ.
*لەچ كاتێكدا نابێ كوتان بكرێ یاخود دوابخرێ؟
١-ئەگەر منداڵەكە هەستیاری توندی هەبێ بەیەكێ لەژەمەكانی كوتان.
٢-ئەگەر نەخۆشی بەرگری لەش، نەخۆشی درێژخایەنی وەكو دڵ و سییەكان و گورچیلەی هەبێت.
٣-ئەگەر هەندێك دەرمانی وەكو كیمیایی و ستیرۆید وەربگرێت.
٤-ئەگەر خوێنی تێكرابێت، یان هەر پێكهاتەیەكی تری خوێنی وەرگرتبێ.
*ئایا منداڵی نەبەكام ئەبێ بكوترێ؟
بەڵێ، ئەبێ بەپێی هەمان خشتە بكوترێن ، تەنها ڤاكسینی  ڤایرۆسی جگەر جۆری B ئەبێ دوابخرێ تا كێشی مناڵەكە ئەگات بەدوو كیلۆ.
*نابێت هیچ ژەمێكی ڤاكسین پشتگوێ بخرێت.
چونكە زۆربەی ڤاكسینەكان پێویستیان بەدوو ژەم یان زیاترە تاكو بەرگری و دژەتەن دروست ببێت.
نابێت هیچ ژەمێك لەچوار رۆژ بۆ هەفتەیەك زیاتر دوا بخرێت، چونكە خشتەی كوتانەكەی تێكدەچێت.
*لەچ كاتێكدا سەردانی پزیشكی منداڵان بكەم ؟
١-ئەگەر هەستیاری، حەساسیە دروست بوو، وەكو سووربونەوەی زۆری پێست و ئاوسانی دەمو لێوو پێڵووی چاو و كۆكە.
٢-تێكچوونی هۆش و گەشكە.
هەروەها هەر یەكێك لەم نیشانانە ئەگەر دروست بوو ئەبێ تۆمار بكرێ و بزانرێت بۆكام ژەمی كام جۆر ڤاكسینە دروست بووە، چونكە نابێت ژەمی تری هەمان جۆری بۆ بكرێتەوە. 
ئا- كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.