Erbil 38°C ھەینی 27 شوبات 05:23

پۆلیسی دهۆک وردەکاری ڕووداوی تەقینەوەی بۆمب بە دوو گەشتیاری دانیمارکی ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

پۆلیسی دهۆک زانیاری لەبارەی ڕووداوەکەی دوێنێی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە دوو گەشتیاری دانیمارکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەو مینە لەلایەن چەکدارانی پەکەکە دانرابوو.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیسی دهۆک  ئەمڕۆ هەینی ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "دوێنێ پێنجشەممە دوو گەشتیاری دانیمارکی بەناوەکانی (تۆرۆبیۆن هاوبرۆ و یۆهانس ویلیام) تەمەن 28 ساڵ بە ڕێگەی فەرمی دەروازەی سەرزێڕ بە پایسکیل بەمەبەستی گەشتوگوزار هاتبوونە هەرێمی کوردستان بۆ بەسەربردنی کەشوهەوایەکی خۆش."

ئەوەشی خستەڕوو کە "لە کاتی گەشتکردنیان بۆ ئامێدی لە ڕێگەدا مین پێیاندا تەقیوەتەوە و یەکێکیان بەناوی تۆرۆبیۆن هاوبرۆ دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و هاوڕێکەشی بەسووکی بریندارە."

ڕوونیشی کردۆتەوە کە "دوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەرکەوت کە ئەو مینە لەلایەن چەکدارانی پەکەکە دانراوە و بووەتە هۆکارێک بۆ تێکدانی ڕەوشی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان."

پۆلیسی دهۆک لە ڕوونکردنەوەکە داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی بیانی دەکات لە کاتی گەشتکردنیان بۆ هەرێمی کوردستان، سەردانی ئەو شوێنانەی کە جێگەی گومانن نەکەن.

 دووپاتیشی کردۆتەوە کە "ئەم کارە ترسنۆکانەی تێکدەرانی ڕەوشی ئارامی هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.