ئاژانسی هەواڵگری فیدراڵی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە سێ گەورە تیرۆریستی دیاری داعش لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە بەغدا دەستگیر کران.
ئاژانسی هەواڵگری عێراق ڕایگەیاند: لە هەوڵ و بەدواداچوونێکی ورد کە ماوەی چەند ڕۆژێکی خایاند، پشتبەست بە زانیاری و دانپێدادانی ئەو تیرۆریستانەی پێشتر دەستگیر کرابوون، توانرا سێ تیرۆریستی دیاری داعش دەستگیر بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ئەو تیرۆرستانە بریتین لە (ئەبو شەهد، ئەبو سارا و ئەبو یەعقوب) کە بەپێی ماددەی 4ـی تیرۆر داواکراوبوون بە تۆمەتی کاکردنیان لە کەرتی فوڕات و بەرەکە لە پارێزگای بەغدا.
ئاماژەی بەوەش دراوە کە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دانیان ناوە بە ئەنجامدانی ژمارەیەک کردەوەی تیرۆریستی لە پارێزگای ئەنبار و سەرکرایەتیکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان، هەروەها بەشداریکردنیان لە ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە پارێزگای ڕەقەی سەر بە سووریا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.