وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە قوتابییانی قەزای شنگال جەخت دەکاتەوە کە مافی هیچ قوتابییهک نافهوتێت.
سامان سیوەیلى گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەبارەت بە قوتابیانی سنووری قەزای شنگال کە بەھۆی ڕەوشی ناسەقامگیری ناوچەکەیانەوە ئاوارەبوون و ڕوویان لە ناوچەکانی پارێزگای دھۆک کردووە ڕایگەیاند: وەزیری پەروەردە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆک و پەروەردەی شنگالی ڕاسپاردووە کە قوتابییە ئاوارەکانى شنگال کە لە کەمپەکانى دهۆک و یا دەرەوەى کەمپەکان نیشتەجێن، دەتوانن لە قوتابخانەی ناو کەمپەکان و ئەوانەی دەرەوەی کەمپەکانیش لە نزیکترین قوتابخانە ناویان تۆمار بکرێت بۆ ئەوەى تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن و پاشان نمرەکانیان لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دهۆکەوە بچێتەوە قوتابخانەکانی خۆیان.
سیوەیلى سەبارەت بەو قوتابییانەی کە بە هۆی دۆخی ئێستایان ئامادە نین بۆ تاقیکردنەوە ڕاشیگەیاند: وەک وەزارەتى پەروەردە دەسەڵاتی تەواو دەدەین بە بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی دهۆک بۆ ئەوەى لە کاتێکی دیکە و گونجاو، تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدەن بە جۆرێک هیچ قوتابییەک لەو قوتابیانە بە هۆی بەجێهێشتنی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە نابێت مافیان بفەوتێت.
گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردە ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ یەکەمجارە خوولى دووەم له مانگى شەش ئهنجام دهدرێت، چونکە هەموو ساڵێک لە مانگى 9ـدا ئەنجام دراوە و ئەمەش گۆڕانکارییەکى ئەرێنییە کە لە پڕۆسەى پەروەردە دەکرێت.
جێی شنگال لە ماوەى چەند ساڵى ڕابردوو شوێنێکى لەبار و ئارام نەبووە بۆ تاقیکردنەوەى قوتابییانی ئەو دەڤەرە و بە هاتنى ڕێکخراوى تیرۆریستى داعش و دواتر شەڕى لەنێوبردنى ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و ئێستاش شەڕى پارتى کرێکارانى کوردستان و سوپاى عێراق و گرژییەکانى حەشدى شەعبی هۆکار بوونە بۆ نائارامیبوونى ناوچەکە و هەر ئەمەش واى کردووە بنەماڵەیەکى زۆر ئاوارەى ناوچەکانى دیکە ببن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.