لە ژێر چاودێریی د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابیان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگا، مامۆستایان و بەرپرسانی حکومی و حیزبی پێشانگایەکی شێوەکاری لە زانکۆی سۆران کرایەوە. پێشانگاکە بە هاوئاهەنگیی زانکۆی سۆران و پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕواندز - بەشی شێوەکاری بەڕێوەچوو. تیایدا دەیان بەرهەمی قوتابیانی پەیمانگاکە، کە زۆربەیان تابلۆی زەیتی بوون، نمایش کران.
پێشانگاکە دەیان تابلۆی هونەری بە شێوە و قەبارەی جیاواز لەخۆ گرتبوو. قوتابیانی بەشداربوو لە ڕێی تابلۆکانیانەوە توانا و ئاستی هونەریی خۆیان نیشان دا. ئامادەبووانیش پێشوازییەکی گەرمیان لە بەرهەمە هونەرییەکان کرد. وێڕای دەستخۆشی هیوای سەرکەوتنیان بۆ بەشداربووان خواست و داواکاربوون کار و چالاکیی هاوشێوە بەردەوام بێت.
هەر لە پەراوێزی پێشانگاکەدا، تابلۆکان خرانە دەنگدان و سەردانیکەران لە ڕێگەی دەنگدانی ئەلکترۆنییەوە باشترین تابلۆی خۆیانیان هەڵدەبژارد و سەرنجی خۆیان دەردەبڕی . لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بەرهەمی خاوەنی زۆرترین دەنگ و هەروەها سەردانیکەری خاوەنی جوانترین سەرنج خەڵات دەکرێن.
سەرەڕای ئەوەی کە هیچ فاکەڵتی و بەشێکی هونەری لە زانکۆی سۆران نییە، بەڵام زانکۆی سۆران بایەخێکی فراوان بە کار و چالاکیی هونەری دەدات. هەر لەم چوارچێوەیەشدا، کەشی گونجاو بۆ قوتابییە بەهرەمەندەکانی خۆی دەڕەخسێنێت تا پەرەی زیاتر بە تواناکانیان بدەن. هەروەها، هەوڵدەدات لە ڕێگەی ڕێزگرتن لە کاری هونەرمەندانی دەرەوەی زانکۆ، بانگهێشتکردنیان بۆ ناو زانکۆ و نمایشکردنی بەرهەمەکانیان کەلێنی کەشی هونەری لە ژینگەی فێرخوازیی زانکۆ و لە ژیانی قوتابیانی زانکۆدا پڕ بکاتەوە.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.