وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە جەختی کردەوە کە پڕۆژە ژینگەپارێزەکانی کارەبا لە زیادبووندان.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی دیدارەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا لە دیدارێکدا لەگەڵ عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە باسی لە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی کارەبا و دەستەی ژینگە بۆ کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکان کرد.
وەزیری کارەبا لە دیدارەکە جەختی کردۆتەوە کە وەزارەتی کارەبا لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا توانیویەتی هەزار و 920 مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وێستگە و پرۆژە ژینگەپارێزەکانەوە بەرهەم بێنێت.
ڕوونیشی کردۆتەوە کە پڕۆژە ژینگەپارێزەکانی کارەبا لە 39% کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێم پێک دێنن، کۆی گشتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان دەگاتە 3هەزار و 525 مێگاوات کارەبا.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش دا کە "سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بە گرنگ نرخاندنی پڕۆژە ژینگەپارێزەکانی کارەبا، باسی لە خۆئامادەکردن بۆ یادی 50مین ساڵیادی دامەزراندنی دەستەی نێودەوڵەتیی ژینگە کرد."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.