Erbil 38°C چوارشەممە 11 شوبات 19:40

وەزیری دەرەوەی عێراق: پێویستە هەنگاوی سیاسیی راستەقینە بنرێت بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند كە پێویستە هەنگاوی سیاسیی راستەقینە بنرێت بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانی سووریا، هەروەها بەدیهێنانی ئامانجەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش لەو وڵاتە و ئاماژەی بەوەش دا كە لەئێستادا، 260 هەزار هاووڵاتیی سووریا وەك پەنابەر لە عێراق تۆماركراون.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی كردەوە كە فوئاد حوسێن لە میانی شەشەمین كۆنگرەی بڕۆكسل تایبەت بە ئایندەی سووریا و ناوچەكە تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە، ژمارەیەكی زۆری مەدەنیی لەو وڵاتە بوونەتە قوربانیی و سەدان هەزار هاووڵاتیی دیكەیش ئاوارە و پەنابەربوون، ئەمە وێرای ئەوەی ژمارەیەك لە شارەكانی سووریا، زیانی زۆریان بەركەوتووە و رایگەیاندووە "دوای 10 ساڵ لە سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا، جیهان دركی بەوە كردووە كە گەمارۆ سیاسیی و ئابوورییەكان، هەروەها شەڕ و پێكدادانەكان قەیرانەكە چارەسەر ناكەن، بەڵكو پێویستە هەنگاوی سیاسیی راستەقینە بنرێت بۆ كۆتایی هَنان بە قەیرانی سووریا، هەروەها بەدیهێنانی ئامانجەكانی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە چەسپاندنی ئاشتیی و ئاسایش لەو وڵاتە".
هەروەها باسی لەوەش كردووە كە وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە كە حكوومەتی عێراق هەر لە دەستپێكی سەرهەڵدانی قەیرانی سووریا، پەرۆشی ئەوە بووە كە پاڵپشتی لە سەرجەم دەستپێشخەرییەكان و هەوڵە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەكان بكرێت بۆ چارەسەركردنی ململانێیەكان لە ناوچەكە و رایگەیاندووە "لەئێستادا، 260 هەزار هاووڵاتیی سووریا وەك پەنابەر لە عێراق تۆماركراون، ئەمە وێرای ئەوەی دەیان هەزار پەنابەری سووریا لە شارەكانی عێراق نیشتەجێن و لای كۆمیسیونی پەنابەرانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان تۆمارنەكراون".
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو كە فوئاد حوسێن ستایشی ئەو هەوڵانەی كردووە كە یەكێتیی ئەورووپا و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاڵپشتییكردن لە وڵاتانی ناوچەكە خستوویەنەتەگەڕ، بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی كە میواندی پەنابەرانی سووریایان كردووە و رایگەیاندووە "عێراق وێرای ئەوە بەرەنگارییانەی كە لە رووی ئەمنیی و لۆجستییەوە بەرەڕووی بووەتەوە رێگای داوە، یارمەتییە مرۆییەكان لە رێگای سنووری خۆیەوە بە هاریكاریی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە مرۆییەكانەوە بگوازرێتەوە بۆ لێقەوماوانانی سووریا".
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە وەزیری دەرەوەی عێراق داوای كردووە كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، هەوڵەكان بە ئامانجی لەناوبردنی پاشماوەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش و توندئاژۆیی چڕتر بكرێنەوە و راشیگەیاندووە كە گرنگە چارەسەرێكیش بۆ یەكلاییكردنی دۆسیەی كەمپی ئاوارەكان لە سووریا و ژمارەیەك وڵاتانی ناوچەكە بدۆزرێتەوە، چونكە ئەو كەمپانە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی دروست دەكەن.
ئەمڕۆ سێشەممە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن بەمەبەستی بەشدارییكردن لە شەشەمین كۆنگرەی بڕۆكسل تایبەت بە ئایندەی سووریا و ناوچەكە گەیشتە بەلجیكا.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.