Erbil 38°C چوارشەممە 11 شوبات 19:36

ئەمڕۆ وادەكەی موقتەدا سەدر بۆ چوارچێوەی هەماهەنگیی كۆتایی دێت

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئایاری 2022، ئەو وادە 40 رۆژییەی سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر كۆتایی دێت كە وەك مۆڵەت دابووی بە چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ.
 رۆژی یەكی نیسانی رابردوو، سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ماوەی 40 رۆژی وەك وادە دیاریی كرد بە لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی تا حكوومەتی نوێ پێكبهێنن، بەڵام تا ئێستا بەهۆی بەردەوامبوونی ناكۆكییەكان نەتوانراوە، حكوومەتی نوێ پێكبهێندرێت.
لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی هانی موقتەدا سەدر دەدەن رازی بێت بە بەشداریكردنی رەوتەكەی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای تەوافوق بە بەشداریی سەرجەم لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنەكان كە لە رابردوودا بەناوی "پشك پشكێنە" لە عێراقدا پەیڕەو كراوە، بەڵام موقتەدا سەدر ئەوە رەت دەكاتەوە و جەخت دەكاتەوە لەسەر ئەوەی سەردەمی حكوومەتی پشكپشكێنە بەسەرچووە و داوا دەكات ئەمجارە حكوومەتێكی زۆرینەی نیشتمانیی پێكهێندرێت.
هەروەها رۆژی پێنجی ئەم مانگە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر دەستپێشخەرییەكی پێشكەش بە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان كردبوو و تیایدا داوای لێكردبوون كە لە ماوەی 15 رۆژدا حكوومەت پێكبهێنن.
رۆژی نۆی ئەم مانگە سەرۆكی فراكسیۆنی رەوتی سەدر، حەسەن عەزاری لە تویتێكدا رایگەیاند كە دەرفەتێكی زێڕینیان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە سەربەخۆكان داوە.
هاوكات لە 15ی ئەم مانگە ئەو وادە 15رۆژییەی كە سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر وەك وادە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پەرلەمانتارە سەربەخۆكان داوە كۆتایی دێت.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.