وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 2022/06/02 لەگەڵ سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان کۆبووەوە، داوای کرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن بۆ ئەوەی ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێ بھێندرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری بە یاوەری یاسین واحید بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەت و بە ئامادەبوونی ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرکی ھەرێم و سەرپەرشتیاری دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان و نوێنەری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و نوێنەری سەرجەم بنکە جیاوازەکانی ناو دەروازەکە و نوێنەری بازرگانانی سنووری ئیدارەکە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئەنجام دا.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە وەزیری ئابووری گوتی کە لەژێر ڕۆشنایی بەدواداچوون و ئامارەکانی بەردەست جوڵە بازرگانی و گەشتیارییەکان لە ڕێگەی دەروازەکەوە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و ئەوەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لە کۆکردنەوەی داھات و مووچەی مووچەخۆران و بودجەی پرۆژەکان ههبووه.
ئەوەشی خستەڕوو کە وەزیری دارایی داواشی کرد کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگ و ھاوکاربن لە بوژاندنەوەی جوڵەی بازرگانی و کارئاسانی بۆ بازرگانانی ناوخۆیی بەپێی ڕێنمایی و ڕێکارە ئیداری یاساییەکانی وەزارەتی دارایی و ھەموو جۆرە قۆرخکارییەک کۆتایی پێ بھێندرێت، ئەمەش لەپێناو ڕەخساندنی ھەلی بازرگانی و ھاوردەکردن و ھەناردەکردن بۆ سەرجەم بازرگانان بەبێ جیاوازی.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش داوە کە هەر لە کۆبوونەوەکە سەرجەم ئامادەبووان سەرنج و تێبینی و پێشنیارەکانیان بۆ ئەو مەبەستە خستەڕوو و لە کۆتاییدا وەزیری دارایی بڕیاری دا بە:
1- لەمەودوا بارەکانی ترانزێت کڵۆم دەکرێت و بەبێ مەئموور بەڕێ دەکرێت.
2- بازرگانان ئازادن لە بازرگانیکردن و حساباتی ڕەسیدیان لەگەڵ ناکرێت.
3- لابردنی ڕەسید بۆ ھەموو ئەو بارانە كە لە دەروازەكان هاوردە دەكرێت.
4-پیاداچوونەوە دەكرێت بۆ کەمکردنەوەی باجی گومرک.
5- پێداچونەوە بە لێخۆشبونی (202) ماددە کە حکوومەتی عێراق لێخۆشبوونی بۆ کردووە.
6- تەسریحەی گومرکی تەنھا یەک جار پارە وەردەگیرێت واته لە دووبارەبوونەوە هیچ بڕهپارەیهك وەرناگیرێت.
7- کرێی بارھەڵگرەکان مەرزی پەرویزخان ڕێک دەخرێتەوە.
8- پێداچوونەوە بە کرێی پشكنینی كۆمپانیاكانی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەروازەكان دەکرێت.
9- پێداچوونەوە بە پاراستنی بەروبوومی ناوخۆیی دەکرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان.
10- 200 دۆنم زەوی بۆ کۆگەکانی بازرگانان دابین دەکرێت كە ئەمیش دەبێتە هۆی ڕەخساندن دوو هەزار هەلی كار بو ناوچەی گەرمیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.