ئهمڕۆ شەممە 27ی5ی2023، د. هێمن ههورامی پەیامێکی دەرباری دەستکاریکردنی ماددەکانی 13 و 14ی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بڵاو کردەوە .
له پهیامهكهی جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستاندا هاتووه: بە نیگەرانییەکی زۆر لە هەوڵی ژمارەیەک پەرلەمانتار لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڕوانین. دەستکاریکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان و دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان هەڵەیەکی گەورەی دووبارەبووەوەیه. مێژوو سەلماندوویەتی هەمیشە هەوڵی خۆفەرزکردن و بەکارهێنانی لۆژیکی هێز ئەنجامی پێچەوانەی لێ کەوتووەتەوە.
هێمن ههورامی دهشڵێت: هێز و لایەنە سیاسییەکان دەبێ لەوە تێ بگەن کە ماف و ئەرکی هاووڵاتییان و بەشێکی وڵات بە خۆ لە بۆسەدانان و دانانەوەی مینی سیاسی وەدی نایەت، بەڵکوو ماڵوێرانیی زیاتری بەدوادا دێت.
جێگری سهرۆكی پهرلهمانی كوردستان ئاماژه بهوهشدهكات: خەڵکی کوردستان و هەموو عێراق دڵخۆش و ئاسوودە بوون بەو پێشڤەچوون و لە یەک نزیکبوونەوەی هەردوو حکوومەتی ناوەند و هەرێم، ئومێدێکی گەورە بۆ کۆتاییپێهێنانی کێشەکان لە ئارادا بوو، بەڵام وەک هەمیشە چەند تاقمێک دووبارە دەیانەوێت بمانگێڕنەوە بۆ خاڵی سەرەتایی کێشەکان، ئەوان نان و ژیانیان هەر لە گێژاو دەست دەکەوێت، دەزانن بە چارەسەری ئاشتیانە و کۆتایی قەیرانەکان ڕاستیی ئەوانیش دەردەکەوێت و کۆتاییان پێ دێت.
جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەشڵێت: لێرەوە داوا لە حکوومەت و پەرلەمانی عێراق دەکەین نیازپاکیی خۆیان بسەلمێنن و بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو حکوومەت کۆتایی بەو کێشانەش بهێندرێت و ئاهێکی ئاسوودەی بە دڵی هەموو خەڵک بهێندرێت. پێویستە هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشدار بوون لە پێکهێنانی حکوومەت، پابەندی بەڵینەکان بن و بەڵێنەکانیان ببەنە سەر.
هێمن ههورامی جەختیش دەکاتەوە کە تاکە چارە لە ڕێگەچارە دیموکراتییەکان به لە یەک تێگەیشتن و گفتوگۆ وەدی دێت، هەرگیز هێز و مامەڵەکردن بە لۆژیکی هێز سەرکەوتوو نابێت.
هێمن ههورامی: دەستبردن بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم هەڵەیەکی گەورەی دووبارەبووەوەیه

100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.