Erbil 38°C یەکشەممە 01 ئازار 08:30

شاندێکى پارتی بەشداری کۆنفڕانسی ساڵانەی ڕێکخراوی UNPOدا کرد

بارۆدۆخی نەتەوە جیاوازەكان لەسەر ئاستی جیهان باسكرا
کوردستان TV
100%


شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە فەرمی بانگهێشتی كۆنفڕانسی UNPO كرا و تێیدا نوێنەری مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەى پارتى، پرسی دابەشكردنی جوگرافیای كوردستان و گۆڕانكاریی دێمۆگۆافی و جینۆساید و كیمیاباران و چەندین تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی، كە ڕووبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە، بۆ ئامادەبووان شی كردەوە.

ڕێكخراوی یو ئێن- پی. ئۆUnpresented Nations and People Organazation، كە بە مانای رێكخراوی نەتەوە و گەلانی بێدەوڵەت دێت، لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانكارییەكانی جیهاندا ئەمساڵ لە ٢٢/٦/٢٠١٨ لە بارسێلۆنای كەتەلۆنیا كۆنفڕاسێكی نێودەوڵەتیی ساز كرد  كە نوێنەرانی چەندین گەل و نەتەوەی بێدەوڵەت و ڕێكخراو و پارتی سیاسی و كەسایەتیی ناسراوی جیهانیش بە فەرمی بانگهێشتی كۆنفڕانسەكە كرابوون. بۆ یەكەم جاریشە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە هۆی گەشەپێدانیان بە پەیوەندییەكانی دەرەوەیان، بە فەرمی بۆ كۆنفڕانسەكە بانگهێشت بكرێت، كە ئەم ناوبانگە جیهانییەی لە سایەی سیاسەتی ئاشتیخوازانەی جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووەتە كایەوە لە جیهاندا، بە ئاڵاهەڵگری سەربەخۆیی كوردستان ناسراون.

لە كۆنفڕانسەكەی بارسێلۆنای كەتەلۆنیا، مارینۆ بۆسراچین، سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی (یو ئێن – پی . ئۆ)  بەخێرهاتنی شاندە بەشداربووەكانی كرد و لە پەنێڵەكانیشدا چەندین گوتار و بابەتی شیكاری پێشكەش كران، كە دیارترینیان گوتاری شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو.

لە هەرێمی كەتەلۆنیا، پەرلەمانتەر ئالێساندرا پالۆزی، یۆسێف ماریا تێرریكابراس، پەرلەمانتاری كەتەلۆنیا لە یەكێتیی ئەورووپا، لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكاوە سیناتۆر پاول ستراوس، مۆنا سۆلاڤی بە نوێنەرایەتیی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئەهواز، باڵیۆز مایسینگ یانگ بە ناوی دەزگای دیمۆكراسی تایوانی، ماكسینن گۆینا، وەزیری دەرەوەی پێشووی كۆماری ئەبخازیا، جوویرا عەلی، نوێنەری ڕێكخراوی مافی گەلی ئۆگادن لە ئێتیۆپیا، باڵیۆز فراچیسكۆ سپێترا، باڵوێزی تەیموور لە وڵاتی شاهانەی بەلجیكا  و یەكێتیی ئەورووپا، نوێنەری چەندین میلەتی دیكەی بێدەوڵەت لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا و چەندین دامەزراوە و كەسایەتیی تر ئامادەی كۆنفڕانسەكە بوون و، بە تێروتەسەلی تاوتووی بارۆدۆخی نەتەوە جیاوازەكان كرا  لەسەر ئاستی جیهاندا.

گوتاری مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە لایەن هەڤاڵ فاخر، نوێنەری مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە پێشكەش كرا، بریتی بوو لە خستنەڕووی لایەنی سیاسی و  مێژوویی و دەستووری و ستراتیژی و پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و دابەشكردنی جوگرافیای كوردستان و گۆڕانكاریی دێمۆگۆافی و جینۆساید و كیمیاباران و چەندین تاوانی دیكەی دژ بە مرۆڤایەتی، كە روبەڕووی گەلی كوردستان بوونەتەوە.

لە درێژەی گوتارەكەی پارتیدا، باس لە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق كرا كە پەیڕەوكردنی سیاسەتی ڕەگەزپەرستی نەیتوانی دەنگی ئازادیخوازانە و سەربەخۆییخوازانەی خەڵكی كوردستان كپ بكات، هەروەها باس لەو  فاكتەرانە كرا كە بوونە هۆكاری ئەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بدات لە ٢٥ سێپتەمبەری ٢٠١٧ دا. 

هەروەها كاردانەوەكانی حكوومەتی فیدراڵی عێراق، ئەو سیاسەتە نەگۆڕاوەی دەستەڵاتدارانی عێراقی سەلماند كە دژی مافی چارەنوسی خەڵكی كوردستانن،  هەتا ئەگەر بە دیموكراسیانە و لە چوارچێوەی دەستووریشدا بێت  و بەو شێوەیەی كە دەستووری هەمیشەیی عێراق باس لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكاتەوە كە زامنی یەكپارچەیی و سەروەریی عێراقە. شیكردنەوەی بارۆدۆخی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكان لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ناوچەكە و هەڵسوكەوتی كۆمەڵگای نیودەوڵەتی بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان و پرسی كورد بە گشتی لە پێش ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و لە  كاتی ڕێفراندۆم و ڕەهەندەكانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی، بۆ ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكە شی كرایەوە.

جێی باسە، ئامادەبووانی كۆنفڕانسەكە بە چەپڵەڕێزان ستاییشی قوربانیدان و بەرگریی گەل و پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە دەستكەوتەكان و مافی مرۆڤ و ئازادی و پێكەوەژیان و دیمۆكراسی لە هەرێمی كوردستان و تێكشكاندنی گرووپی تیرۆریستیی داعش، كە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئارامی و سەقامگیریی جیهان.

هەروەها بەشێكی ئامادەبووانیش پێزانینی خۆیان بۆ هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان خستە ڕوو وەك هەرێمێكی جیاواز لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە هەوڵی باشی داوە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی و هەنگاونان بۆ دیموكراسی و كرانەوەی زیاتر.

ڕێكخراوی UNPO، ڕێكخراوێكی سیاسیی ناحكوومییە و بارەگای سەرەكی لە برۆكسێلی پایتەختی بەلجیكایە و تایبەتە بەو گەل و نەتەوانەی لە جیهاندا كە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نییە و لە پێناوی دیمۆكراسی و مافی چارەی خۆنووسیندا تێدەكۆشێ.

ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی ١٩٩١ دامەزراوە و تاكو ئێستا چەندین كۆنفڕانسی تایبەتی و نێودەوڵەتی بۆ باسكردنی بارۆدۆخی ئەو گەل و نەتەوانەی كە لە جیهاندا بە هۆكاری سیاسی و ئەو سیستمە نێودەوڵەتییەی كە هەیە بێ بەش كراون لە سەربەخۆیی و، خەبات بۆ بەدەستهێنانەوەی ماف و ئازادییەكانیان دەكەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.