مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی پەنجاو حەوت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول پهیامێكی بڵاوكردهوه، له پهیامهكهدا هاتووه شۆڕشی مەزنی ئەیلول پشت گەرم بە هێزی لە بن نەهاتووی گەل و بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی نەمر و بە پێشڕەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دەنگ و بانگەوازی رەوای گەلێكی خاك و ماف زەوتكراو، وەك بزاڤێكی رزگاریی نیشتمانی هاتە مەیدان.
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
لە یادی پەنجاو حەوت ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا
رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی دلێر
جەماوەری كۆڵنەدەری كوردستان
پێشمەرگە قارەمانەكان، هەڤاڵانی تێكۆشەر...
پەنجاو حەوت ساڵ لەمەوبەر، كاتێ گەلەكەمان هەموو رێگاكانی خەباتی مەدەنی و دیموكراتیانەی بەروودا داخرا و بە ئاگر و ئاسن وەڵامی داخوازییە رەواكانی درایەوە، لە بری ئەوەی خۆبەدەستەوە بدات و دەست لە مافە رەواكانی هەڵگرێت و لە ئاست زەبر و زەنگدا مل كەچ بكات، ئەو واقیعە تاڵ و ناڕەوایەی رەتكردوەوە و لەبەرامبەر داگیركاری و پەلاماری سەربازیدا، بڕیاری دا بۆ دیفاع لە خۆی و خاكەكەی، شۆڕشی چەكدارانە بەرپا بكات.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول پشت گەرم بە هێزی لە بن نەهاتووی گەل و بە رابەرایەتی مستەفا بارزانی نەمر و بە پێشڕەوایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەك دەنگ و بانگەوازی رەوای گەلێكی خاك و ماف زەوتكراو، وەك بزاڤێكی رزگاریی نیشتمانی هاتە مەیدان، توانی كۆی جیاوازییە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزایی و چینایەتی و هەموو ئینتیما لاوەكییەكان تێپەڕێنێ و ببێتە رەشماڵێكی فراوان و كۆی نیشتمانپەروەرانی كوردستانی بە كورد و توركمان و كلدان سریان ئاشور، بە موسڵمان و مەسیحی و ئیزیدی، بە جوتیار و كرێكار و كاسبكار، بە خەڵكی لادێ و شار، بە ژن و پیاو، بە گەنج و پیر، لە نێو یەك ئینتیما و بۆ یەك ئامانجی رزگاریخوازی، كۆبكاتەوە.
شۆِڕشی مەزنی ئەیلول توانی بە زەبری بەرخۆدانی پێشمەرگانە و بە پاڵپشتی گەلی كۆڵنەدەری كوردستان، رژێمی نكۆڵیكاری ئەوكات ناچار بكات مل بۆ سەلماندنی ناسنامەی نەتەوەیی كورد و جوگرافیای كوردستان و بەدیهێنانی سەرەتای مافەكانی كورد لە رێككەوتننامەی یازدەی ئازاردا كەچ بكات، ئەو رێككەوتننامەیەی بووە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی و بناغەیەكی پتەو بۆ كۆی ئەو دەسكەوتانەی لەوەدوا بەدیهاتن. ئەوەش یەكەمجار بوو كە شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی وسەركەوتنە سەربازییەكانی بۆ دەسكەوتی سیاسی تەرجەمە بكات.
شۆڕشی مەزنی ئەیلول جیا لەو دەسكەوتە سیاسییەی لە یازدەی ئەیلولدا بەدەستیهێنا، هاوكات، بوو بە قوتابخانەیەكی دەوڵەمەند بۆ پێگەیاندنی تێكۆشەران، بۆ گەڵاڵەبوونی بیری رەسەنی كوردایەتی ئاوێتە بە دیموكراتخوازی و بەهاكانی ئینساندۆستی، بۆ پێشمەرگایەتی و گیانفیدایی و كوردستان پەروەری، بۆ ئەزمونكردنی خودحوكمڕانی و ئیدارەی ناوچە ئازادكراوەكان و پرۆڤەی نیشتمانسازی، بۆ پەروەردەی سیاسیی و سەربازی، بۆ تێكۆشانی پیشەیی و رێكخراوەیی، بۆ ئامادەكردن و قاڵبوونی هەزاران كادری لێوەشاوە و لاوی بڕوا پۆڵایین كە بتوانن قۆناغەكانی دواتری خەبات درێژە پێبدەن. لە هەموو ئەمانەش گرنگتر، شۆڕی ئەیلول بووە كۆكەرەوەی هەمووان لە دەوری ناسنامەیەكی كوردستانیی فراوان كە پڕنسیپەكانی هاوخەباتی و هاوچارەنوسی و هاونیشتمانی بنەماكانی بوون. ئەو بنەمایانەی كە تا ئەمڕۆش هەوێنی شەرعییەت و پێگەی رێزلێگیراوی دۆزی گەلەكەمانن لە جیهاندا.
شۆڕشی ئەیلول زادە و هەڵقوڵاوی هەناوی گەل بوو. سەرخەر و پشت و پەناشی هەر رۆڵەكانی گەل و هێزی لەبن نەهاتووی میللەت بوو، بۆیەش نسكۆ و پیلانی چەپەڵی نێودەوڵەتی نەیتوانی كۆتایی پێ بێنێ. هەر بە پشتیوانی گەل لە دوای نسكۆیەكی كاتی، دوبارە هەڵگیرسایەوە و سەنگەرەكانی ئاوەدان كردەوە و لە بەر رۆشنایی پرنسیپە مەزنەكانی ئەو شۆڕشەدا، دۆزی رەوای كورد بە زیندوویی مایەوە و قۆناغ بە قۆناغی بڕی تا بە ئەمڕۆی ئومێد و هیوا گەیشتین.
رۆڵە کۆڵنەدەرەکانی گەلی كوردستانی...
ئەمڕۆ كە پەنجاو حەوت ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولدا تێدەپەڕێ، گەلی كوردستان هێشتا بە رۆحی ئەیلول لە خەباتی خۆی بەردەوامە، هیچ هەوراز و نشێوێك نەیتوانیوە كۆڵی پێ بدات. ووڵاتی خۆی لە شەڕی تیرۆریستان پاراست و دڕندەترین دوژمنی مرۆڤایەتی بەزاند، نیشتمانی خۆی ئاوەدانكردەوە و پەرەی پێدا، بەرگەی شەڕی برسیكردن و پیلان و پەلامارەكانی گرت، دوای سەد ساڵ بێبەشی لە مافی چارەی خۆنوسین، لە ریفراندۆمێكی سەركەوتوودا بڕیاری لە چارەنوسی خۆی دا، دواتریش قەوارەی سیاسی هەرێمی پاراست و زڕەخەونی ناحەزانی پوچەڵكردەوە كە دەیانویست ئەم قەوارەیە لەناوببەن كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانی ئەیلول و كۆی شۆڕش و راپەڕبنەكانی گەلەكەمانە. ئێستاش بە وورەیەكی لە جاران پتەوتر و بە باوەڕێكی نەگۆڕەوە سورە لەسەر ماف و داوا رەواكانی.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك چۆن تا ناچار نەكرابێ هەرگیز پەنای بۆ شەڕ و خەباتی چەكداری نەبردووە، ئێستاش بە هەمان باوەڕی نەگۆڕ، هیچ دەرفەتێكی خەباتی سیاسی بۆ گێڕانەوەی مافە زەوتكراوەكان رەتناكاتەوە و هەر لەو پیناوەشدا هاوشانی هێزە نیشتمانییەكانی دیكە لە پرۆسەی سیاسی عێراق بەشدارە، گەرچی پرۆسەیەكی پڕ لە ئاڵۆزی و گرێ و گۆل و ئایندە نادیاریشە.
ئەمڕۆ لە كاتێكدا یادی پڕشكۆی شۆڕشی ئەیلول دەكەینەوە، گەلەكەمان لەبەردەم پڕكێشی زۆردایە، مافە دەستورییەكانمان و پاراستنی دەسكەوتە بەدیهاتووەكانمان و دەرفەت رەخساندن بۆ دەسپێكردنەوەی بوژاندنەوە و پەرەپێدانی كوردستان، هیممەت و یەكدەستی هەموو لایەكمان دەخوازێ، پتەوكردن و نوێكردنەوەی شەرعیەتی دامەزراوەكانی كوردستان دەخوازێ لە رێی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی نوێ كە گوڕو تین بە پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی كوردستان ببەخشێ. لەو پێناوەدا بانگەوازمان بۆ هەموو لایەك وەلاوەنانی ناكۆكیە لاوەكیەكان و یەكخستنی توانا و دەنگ و هەڵوێستە لە پێناو ئامانجە بەرز و باڵاكانی گەلی كوردستاندا. لە پێناو گوزەرانێكی باشتر و ژیانێكی سەربەرزانە بۆ رۆڵەكانی گەلەكەمان كە شایستە و بارتەقای ئەو هەموو خوێن و خەبات و ماندووبونە بێت كە لە و پێناوەدا بەخشیویانە، هاوكات داوا و چاوەرێیشمان لە هەڤاڵان و جەماوەری پۆڵاینی پارتیمان و تەواوی خەڵكی ئەمەکدار و دڵسۆزی كوردستانە كە وەكو هەمیشە پاڵپشت و هاوكاری پارتی بن لە پێناو كوردستانێكی بەهێز و ئارام و ئاوەداندا...
لە یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلولدا:
-هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.