ئاسایشی هەولێر یهكێك لە بكوژی فارس محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستانی دەستگیرکرد، کە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە بەردەم فامیلی مۆڵی هەولێر کوژرا.
تاریق نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر راگەیاند: دوای چاودێریكردن و هەوڵدان و، وردەكاری، هێزەكانمان توانیان یەكێك لە بكوژەكانی فارس محەمەد سادق بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەستگیر بكەن، و رادەستی پۆلیس بكرێت.
دوای روداوی كوشتنی بەڕێز (فارس محەمەد) بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوەیەكی پیشەییانە كرد و دوای پشكنینی وینەی كامیراكانی چاودیری، لە ئەنجامدا تاوانكاران دەستنیشان كران و دەركەوت روداوەكە كێشەیەكی كۆمەڵایەتی تەواوە.
ریشەی كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ برینداركردنی (سوپا ساڵح) برازای (فارس محەمەد) لە لایەن (بەرزی غازی باشتەپەیی)ـەوە، لە رێكەوتی 5/12/2017 و سێ رۆژ دواتر (سوپا) بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا. بكەری سەرەكی روداوەكەش بە ناوی (بەرزی) هەڵات بۆ توركیا. دواتر لە رێكەوتی 10/3/2018 لە توركیا (بەرزی غازی باشتەپەیی) كوژراوەتەوە و چەند كەسێكیش بە تۆمەتی ئەو روداوی كوشتنە لە توركیا دەستگیركراون.
هەردوو بنەماڵە كێشەكەیان چارەسەر نەكرد و لە ئەنجامدا بووە كێشەیەكی خوێنداری، تاكو رۆژی 24/4/2018 لە كاتژمێر 8ی سەرلەبەیانیەوە، وەك لە ڤیدیۆ و وێنە و بەڵگەكانی هاوپێچ بەم راگەیاندراوەدا هاتووە، بنەماڵەی (بەرزی) بۆ چەندین كاتژمێر، چاودێری (فارس محەمەد)ــیان كردووە لە لای ماڵەكەی و دواتر لە شوێنی كارەكەی.
كاتژمێر 2:36 خولەكی هەمان رۆژ، لەسەر شەقامی 100مەتری هەولێر و بەرانبەر فامیلی مۆڵ، بە ئۆتۆمبێلی جۆری ئۆپڵ ڤیكتراوە، سێ تاوانبار (فاروق غازی باشتەپەیی، هونەر عەبدولكەریم و كەسێكی دیكە كە وێنەكەی لەگەڵ ئەم راگەیاندراوەدایە) دەستڕێژی گوللە لە (فارس محەمەد) دەكەن و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدا. تاونبارانیش بۆ دەرەوەی شاری هەولێر هەڵاتوون و فەرمانی گرتنیان لەلایەن دادگاوە بۆ دەرچووە.
لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكاندا، دەركەوت ئەم روداوی كوشتنە هیچ پەیوەندییەكی بە ململانێی نێوان لایەنە سیاسیە جیاوازەكانەوە نیە و هەردوو بنەماڵە سەر بە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن. وەك بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، داوا لە هاولاتیانی بەڕێز دەكەین، هاوكاری دەزگا ئەمنیەكان بكەن لە بوونی هەر زانیارییەك لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی تاوانباران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.