سه‌رۆك بارزانی له‌ناو ئاپۆرای جه‌ماوه‌ری شاری دهۆك كه بۆ پاڵپشتیكردنی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه‌رنه‌ڤاڵێكی جه‌ماوه‌ری سازكراوه و وتارێكی پێشكه‌ش كرد. كه ئه‌مه‌ش ده‌قى وتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی یه له دهۆك:-
ئێمه به‌ره‌و رۆژێكی مێژوویی ده‌چین كه 30ی ئه‌یلووله و یه‌ك دوو رۆژی ماوه، ساڵی رابردوو له 25ی ئهیلوول وه‌كو ئه‌مڕۆژه، ئێوه مێژووتان درووست كرد، له‌و بڕوایه‌دام له 30ی ئه‌یلوولیش رۆژێكی دیكه‌ی مێژووییش درووست بكه‌ن و سه‌روه‌ری تۆمار بكه‌ن.
له 25ی ئهیلوول، ئیراده‌ی گه‌لی كوردستانتان سه‌رخست، دوای خیانه‌تی 16ی ئۆكتۆبه‌ریش، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مان كه‌رامه‌تی هه‌مووانی پاراست، ئێوه و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان، پشتڕاست بن، تا قاره‌مان و شێر و پڵنگی كوردستان هه‌بن، به پارێزراوی ده‌مێننه‌وه و به ئاسووده‌یی بخه‌ون.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی فیدرالیی له عێراق له 12ی ئایاری رابردوو، دیسان ئێوه سه‌روه‌رییه‌كی مه‌زنتان تۆماركرد، زۆرێك وایان پێشبینی ده‌كرد، چونكه پارتی سه‌ركێش و پێشه‌نگی كاروانی سه‌ربه‌خۆبوون بوو، سزاده‌درێت و گوایه هۆكاری قه‌یرانه‌كان بوو، به‌ڵام نه‌یانزانی گه‌لی كوردستان پارتی ده‌كه‌نه حزبی یه‌كه‌م له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو عێراق.
دوو شتی زۆر گرنگ له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا هاتنه پێش، سه‌نگی پارتی ده‌ركه‌وت، بۆ هه‌موو لایه‌ك روونبووه‌وه پارتی هێزێكی مه‌زنه و هیچ بڕیارێك بێ پارتی نادرێت و ئه‌من و ئاسایش له وڵاتیش به‌رقه‌رار نابێت ئه‌گه‌ر پارتی هاوكار نه‌بێت.
خه‌ونی ناحه‌زان نه‌هاته دی سوپاس بۆ ئێوه و هه‌موو جه‌ماوه‌ری دڵسۆزی كوردستان، كه نه‌تانهێشت خه‌ونی ناحه‌زان بێته‌دی و پارتی نه‌شكا، پارتی وه‌كو داربه‌ڕووی كوردستانه، نه به‌بڕین و نه به‌سووتاندن كۆتایی نایه‌ت.
خاڵێكی دیكه‌ی زۆر گرنگ، من ترسێكی گه‌وره‌م له‌وه هه‌بوو ببێته ململانێی دوو میلله‌ت و شه‌ڕی نێوان كورد و عه‌ره‌ب، چونكه هه‌ندێك به‌رپرس كردبوویانه كێبڕكێ تا نیشانی بده‌ن كێ زیاتر دژایه‌تی كورد و كوردستان بكات زۆرترین ده‌نگ ده‌هێنێت، به‌ڵام سوپاس بۆ گه‌لی عێراق، سزای ئه‌وانه‌یدا كه ده‌یانویست له‌سه‌ر حیسابی خوێنی شه‌هیدان خۆیان بكه‌نه قاره‌مان، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی ئه‌رێنی له‌سه‌ر ئێمه درووست كرد.
راسپارده‌كانی بارزانی هه‌میشه له‌به‌ر چاو ده‌گرین، دژایه‌تیكردنی حكوومه‌تێك به واتای شه‌ڕی نێوان دوو گه‌ل، یان دوو میلله‌ت نییه و ئه‌وه‌ش كوفره.
ئێستا ده‌رفه‌تێكی گونجاو هاتووه‌ته پێش و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به رێزلێكگرتن و لێكتێگه‌یشتن چاره‌سه‌ر بكرێن.
له‌سه‌ره‌تاوه عێراق له‌سه‌ر رێزگرتن له‌سه‌ر دابینكردنی مافی تهواومی پێكهاته‌كان دانراو.
له كاتی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ، درهفهتێكی باش هاته پێشه‌وه، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی به‌غدا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان دانیشتین، دوو پلان دانرا، یه‌كیان سه‌ربازی بوو، ئه‌وی دیكه‌شیان پلانی ئیداره‌كردنی پارێزگای نه‌ینه‌وا بوو له دوای ئازادكردنه‌وه.
هه‌مووان ده‌زانن یه‌كه‌م هێڵی به‌رگری داعش پێشمه‌رگه شكاندی و كلیلی كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی مووسڵی راده‌ستكردن و گوتی فه‌رموو ئه‌وه‌ش مووسڵ كۆنتڕۆڵی بكه‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ش ئیستیغلال كرا، هه‌موو رێككه‌وتنه‌كان پێشێل كران، هیوادارم ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی ئێستاش هاتووه‌ته پێش سوودی لێ وه‌ربگیرێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام نه‌ك له‌سه‌ر حیسابی مافه‌كانی میلله‌تی ئێمه.
رۆژی 30ی ئهیلوول رۆژێك چاره‌نووسسازه و گرنگه، به‌رنامه‌یه‌كی گه‌وره و گۆڕانكاری و چاكسازی گه‌وره‌مان له پێشه، بۆ دامه‌زراندنی حكوومه‌تێكی به‌هێز، به‌رنامه‌ی ئێمه‌یه جیلی نوێ و به‌رپرسیارێتی یه‌كه‌م وهرگبرن، ئێمه ناڵێین كه‌موكوڕی نه‌بووه و نابین، كه‌موكوڕی زۆر هه‌بوونه، به‌ڵام باش به‌بیرتان بێت ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ی هه‌یه به‌شی هه‌ره زۆری له‌سه‌ر ده‌ستی پارتی هاتووه‌ته پێش.
به‌ڵێنی گه‌وره ناده‌ین، به‌ڵام به‌ڵێن بێت ئه‌و گۆڕانكارییه ده‌كه‌ین كه داخوازی ئێوه‌یه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئێوه دایه، پارتی به‌هێز بێت، كوردستان به‌هێز ده‌بێت.
پارتی ماڵی درووستكرد، لایه‌نه‌كانی دیكه شه‌ڕی ناوماڵ ده‌كه‌ن، پارتی بۆ شه‌ڕی هیچ حزبلێك درووست نه‌بووه، به‌ڵكو بۆ خزمهتركدنی ئێوه درووست بووه.
به درووشم و قسه نابێت و كردار شه‌رته، هه‌ر كه‌سێك ده‌توانێت درووشمی گه‌وره به‌رزبكاته‌وه، به‌ڵام به‌بیرتان ده‌هێنمه‌وه، كاتێك داعش هاته نزیك دهۆك، كێ‌بوو سینگی خۆی كرده قه‌ڵغان و دهۆك و هه‌موو كوردستانی پاراست.
دڵنیا بن و هیچ گومانتان نه‌بێت، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی له‌سه‌ر دهۆك و هیچ شوێنێكی كوردستان درووست نابێت، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك ویستی هه‌ڕه‌شه‌ی داگیركاری له دهۆك بكات، ده‌زانێت چۆن هاتووه به‌ڵام نازانێت چۆن گه‌ڕاوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌شی هه‌بێت.
داوا له ئێوه ده‌كه‌م، لیستی 183 سه‌ربخه‌ن تا ئامانجتان بێته‌دی و ئه‌و شته‌ی ئێوه ده‌تانه‌وێ جێبه‌جێ بكرێت،
زۆرجار باسی ناوماڵی كوردستان و یه‌كڕیزی ده‌كرێت، هه‌مووان شایه‌تن و خاوه‌ن ویژدانان ده‌زانن، ئێمه درێغیمان بۆ ئه‌و پرسه نه‌كردووه بۆ یه‌كڕیزی كوردستان و به‌رده‌وامیش ده‌بین، به‌ڵام ناوماڵی كورد و یه‌كڕیزی كوردستان، سه‌وابتی خۆی هه‌یه، ئه‌وه سه‌وابتی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یینه، لادان لێیان بێگومان یه‌كڕیزی ناوماڵی كوردستان تێكده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ی له 16ی ئۆكتۆبه‌ر تێكدرا.
ئێمه ستراتیژیه‌ت و ئامانجێكی پیرۆزمان هه‌یه، سه‌ری خۆمان له‌سه‌ر دابنێین واز له ئامانج و ستراتیژیه‌تی خۆمان ناهێنین، هه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی رۆژ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نایه‌ت، هه‌ر رووداوێكی رۆژ رووبدات و هه‌ڵوێست بگۆڕێت، ئه‌وه نه‌سیاسه‌ته و نه مه‌بده‌ئیش، ئه‌وه‌ی من ده‌بینم زۆر سه‌یره، گۆڕینی كراسێك گه‌لێك زه‌حمه‌تتره له گۆڕینی بیروباوه‌ڕ لای هه‌ندێك.
به باوه‌ڕێكی پته‌و ده‌چینه پێش بۆ كوردستانێكی به‌هێز و بهختتهوهری گه‌لی كورد و ببرایهتی نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان، عه‌ره‌ب، توركمان، سریان، ئاشووری، ئه‌رمه‌ن و ئازادی ئایین و مه‌زهه‌ب، بۆ هه‌ڵبژاردنی هه‌موو رێگه‌چاره‌یه‌كی ئاشتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئاشتییانه‌ی كێشه‌كان.
ناهێڵین هیچ جارێك ئیراده و كه‌ڕامه‌تی میلله‌تی ئێ/ه بشكێت، په‌یمان ده‌ده‌ینه گه‌لی خۆمان و پێشمه‌رگه‌ی به وه‌فای رێبازی بارزانی و پارتی، رێبازی بارزانی واتا مرۆڤدۆستی، ئاشتیخوازی، پێكه‌وه ژیان و ئاشتی و برایه‌تی، واتا خۆنه‌چه‌ماندن، ئێمه رۆژی ره‌ش و ناخۆشمان تێپه‌ڕاند، كاتێك خۆشی بێت زۆركه‌س حازرن بێنه مه‌یدان، وه‌ختی ناخۆشی هه‌موو بهرپرسیارێتییهكان ده‌خه‌نه سه‌ر پارتی، به‌ڵام پارتی له به‌رپرسیارێتی راناكات و هه‌ر پارتی‌یش بڕیار ده‌دات.
من ده‌مه‌وێ وه‌ڵامی پرسیارێك ده‌ده‌مه‌وه، كه زۆر كه‌س حه‌ز ده‌كه‌ن بزانن چه‌نده، هه‌ندێك ده‌ڵێن 48 ملیاره و هه‌ندێك ده‌ڵێن 600 ملیار، به‌ڵام من خۆم به ده‌وڵه‌مه‌ندترین كه‌س ده‌زانم له‌سه‌ر ئه‌و جیهانه، سه‌روه‌تی من پشتیوانی 48 ملیۆن كورده نه‌ك 48 ملیار دۆلار.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.