قوباد تاڵەبانی بەبۆنەی راگەیاندی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو رایدەگەیێنێت، لەمەدوا پێویستە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان وەلابنێین و دەست بە کارە قورسەکە بکەین، ئەویش خزمەتکردنی خەڵکی کوردستانە.
رۆژی دووشەممە 22-10-2018 قوباد تاڵەبانی، سەرۆک لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "سوپاسی یەکە بەیەکەی خەڵکی کوردستان دەکەم کە بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بوون و سوپاسی ئەوانەش دەکەم کە دەنگیان بە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەندەی موخلیس دا، شەڕەفێکی گەورەیە بۆ من کە توانیبێتم ببمە جێگەی متمانەی ئێوە".
لە بەشێکی پەیامەکە دا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان، قوباد تاڵەبانی گوتی: "ئێستا ئەگەر پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتاییهاتووە، دەبێت کارە قورسەکە دەستپێبکەین کە خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵكی کوردستانە و پێویستە هەموو ناکۆکییە سیاسییەکان وەلابنێین و کاربکەین بۆ یەکڕیزی نێو ماڵی کورد، ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی و کارکردنی بەردەوام هەیە، لەپێناو چارەسەکردنی کێشەکان".
دەشڵێت: "بۆ تێپەڕبوون بەسەر ئەو کێشانە ئەرکی قورس لەبەردەم پەرلەمانی داهاتوو هەیە، کێشەی گەورە لەبەردەم حکومەتی داهاتوو دەبێت، لەبەر ئەوە پێویستمان بە یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکەوەکارکردن دەبێت".
بەپێی ئەو ئەنجامانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان بڵاویکردوونەتەوە، سەرۆکی لیستی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە کورسییەک دەنگیان بەدەستهێناوە.
قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 182 هەزار و 551 دەنگی بەدەستهێناوە کە دەکاتە لە 57%ـی دەنگەکانی یەکێتی، واتە 12 کورسی حیزبەکەی لەکۆی 21 کورسی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.