Erbil 38°C یەکشەممە 16 ئاب 16:23

که‌مال که‌رکوکى : لەگەڵ ئەوەنین پۆستى پارێزگاری که‌رکوک بۆ یەکێتی بێت

نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکە
Kamal Kirkuke
کوردستان TV
100%


د. کەمال کەرکووکی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتى دیموكراتى كوردستان  سەبارەت بە بارودۆخی کەرکووک رایگەیاند کە لەگەڵ ئەوەدان دەسەڵاتی مەدەنی بگەڕێتەوە کەرکووک و بارودۆخ ئاسایی بکرێتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە تا ئێستا، نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکە و پێشی وایە کە تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، پێویستە کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت. 

کەمال کەرکووکی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: بۆچوونمان ئەوەیە کە بارودۆخەکە ئاسایی بێتەوە و حوکمی مەدەنی لە کەرکووک بێت و سوپا لەناو شار نەبێت و ئەو چەکدارە زۆرەی لە کەرکووک هەیە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان و ناو شارەکە رادەستی پۆلیس بکرێت و سەرجەم پێکهاتەکان رۆڵی خۆیان ببینن بەپێی ئەو رێژەیەی لە ئەنجوومەن دیاریکراوە".

ڕاشیده‌گه‌ێنێت ، دوای ئەوەی دۆخەکە ئاساییکرایەوە، پێویستە ئەنجوومەنی پارێزگا بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و تا ئێستاش بە شێوەیەکی یاسایی، دکتۆر نەجمەددین کەریم پارێزگاری شەرعی کەرکووکەوە و ئەگەر خۆی نەیەوێت بەردەوام بێت، ئەوا دەبێت دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بکات و بڕیاری لەسەر بدرێت".

لەبارەی بۆچوونی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک، کەمال کەرکووکی  ڕایده‌گه‌ێنێت : "بۆچوونی ئێمە ئەوەیە کە لەم باردۆخەی ئێستا تا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت، کەسێکی بێلایەن پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەڕێوەببات، کەرکووک بۆ هەموو پێکهاتە و لایەنەکانە و دەمانەوێت لەوێ یاسا سەروەربێت و هەموو لایەک بێ گرفت بژین، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوەنین کە ئەم پۆستە بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بێت، بەڵکو پێویستە یەکێکی شایستەی بۆ دابنرێت و پێموابێت هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە پارێزگارێکی بێلایەنی بەتوانا خزمەتی شارەکە بکات بەپێی دەستوور".

 کەمال کەرکووکی ڕاشیده‌گه‌ێنێت "کەرکووک بارودۆخێکی خراپی بەسەر داهات لە لایەن باڵێکی خیانەتکاری ناو یەکێتی کە بوونە هۆکاری ئەوەی ئەو حاڵەتە دروست بێت و لە کەرکووک خەڵک کوژرا، کێ هۆکار بوو؟، بۆیە ئێمە وەکو پارتی دەمانەوێت هەموو خەڵکی کەرکووک بە ئارامی بژین و ئاسایش بەرقەرار بێت و دەمانەوێت ئەوەی سەرپێچی یاساییکرد، دادگایی بکرێت".

لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەمال کەرکووکی دەڵێت "پارتی زۆرترین کورسی پەرلەمانیی بەدەستهێناوە، لەسەر ئاستی کوردستان، لەبەر ئەوە ئیستا لیژنەیەکمان هەیە بۆ دیالۆگ لەگەڵ لایەنەکان و تەمەننا دەکەین کە زوو حکوومەت پێکبێت و ئەگەر هەرلایەنێکیش بەپێی قەبارەی خۆی بەشدار دەبێت، ئێمە پێمان خۆشە، ریز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەگرین کە بەقەد ٤٥ کورسی دەنگیان بە پارتی داوە و رێز لەو خەڵکەش دەگرین کە دەنگیان بەلایەنەکانی دیکە داوە".

سه‌رچاوه‌ - AA
دانانى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.