ئەمڕۆ یەكشەممە ئایدن مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند" لایەنە توركمانیەكانی كوردستان بەیەك پاكێج بەشداری حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە چەند رۆژی رابردوودا لایەنە تورکمانییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان کە پێکهاتوون لە پارتی چاکسازی تورکمان، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بەرەی تورکمانی و لیستی میللەت کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوە، تیایدا رێکەوتوون بەیەک پاکێج بەشداری لە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن.
لەمبارەیەوە ئایدن مەعروف سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان راگەیاند" هەموو لایەنە تورکمانییەکان کۆکن لەسەر ئەوەی بەیەک پاکێج بەشداری لە حکوومەتدا بکەن.
ئاشکراشی كرد داواکارییەکانیان لە حەفت خاڵ پێکدێت، تیایدا داوا دەكەن یەك لە جێگرەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان بدرێت بەتوركمانەكان، هەروەها وەزارەتێکی خزمەتگوزاری، لەگەڵ دانانی وەزیرێكی هەرێم بۆ کاروباری تورکمان، پێدانی راوێژکاریش لە هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەت، لەگەڵ چەند قایمقام و بەڕێوەبەرێكی گشتی و بەڕێوەبەری ناحیە و بریکاری وەزیر و راگری کۆلێژ، لە پۆستە دیپلۆماسییەکان و نوێنەرایەتییەکانیشدا پشکی تورکمان بدرێت.
ئایدن مەعروف بەئاژانسی هەواڵی "ئەنادۆڵو"ی توركی راگەیاندووە كە تا ئێستا هیچ کۆبوونەوەیەک بەشێوەیەکی فەرمی نەکراوە، پارتی دەیەوێت لەگەڵ یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان هاوپەیمانیەتییەک دروست بکات بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ بەبەشداری پێکهاتەی مەسیحی و تورکمانەکان، رەنگە هەفتەی داهاتوو پارتی سەردانی بەرەی توركمانیش بکات و بڕیاریان داوە بەشداری حکوومەت بکەن.
لە ھەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی ئەمساڵ، ھەریەک لە پارتی گەشەپێدانی تورکمان دوو کورسی و پارتی چاکسازی تورکمان یەک کورسی و بەرەی تورکمانی یەک کورسی و لیستی میللەت یەک کورسی پەرلەمانییان بەدەست ھێنا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.