Erbil 38°C ھەینی 13 شوبات 23:31

رەوتی سەدر، داوا ده‌کات هیزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا بچنە دەرەوە

رەوتی سەدر: ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشەکانی عێراقە
کوردستان TV
100%

سەرکردەیەکی رەوتی سەدر، کە موقتەدا سەدر رێبەرایەتیی رەوتەکە دەکات، بە پێویستی دەزانێ هیزە ئەمریکییەکان لە عێراقدا بچنە دەرەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-12-2018، حاکم زاملی، سەرکردەیەکی رەوتی سەدر لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، رایگەیاندووە، چوار هۆکار هەبوون بۆ سەردانە نهێنییەکەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، کە بریتین لە؛ ئەمریکا لە رووی سەربازییەوە لە سووریا و عێراق شکستی هێناوە و رۆڵی دیپلۆماسیی ئەمریکا بەرامبەر رووسیا لە جیهاندا پاشەکشەی کردووه‌و ئەمریکا لە رکابەریی ئابووری لەگەڵ چین شکستی هێناوە. هه‌روه‌ها ئەمریکا لە رووی دیپلۆماسییەوە لە کەیسی چەکی ناوکیی ئێران شکستی هێناوە.

حاکم زاملی پێی وایە هیچ بەهانەیەک نییە بۆ ئەو سەردانە نهێنییەی سەرۆکی ئەمریکا و مانەوەی بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەناو بنکەیەکی سەربازی لە عێراقدا بەبێ ئاگاداریی حکوومەتی عێراق و ئەو کارە پێشێلکردنی سەرەوەیی عێراق و بنەما نێودەوڵەتییەکانە.

زاملی هێرش دەکاتە سەر کەسایەتیی دۆنالد ترەمپ و بە ”گەورەی شەڕانگێزان“ناوی دەبات.

ئەو سەرکردەیەی رەوتی سەدر ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی هەموو کێشەکانی عێراقە لە 2003ـەوە تا 2014 و هەر جارەی لەژێر ناوێکی جیای وەک قاعیدە، داعش، تەوحید و شورای موجاهیدین سەروەت و سامانی عێرای تاڵان کردووە.

حاکم زاملی بەپێویستی دەزانێ حکوومەت و پەرلەمانی عێراق جۆری پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتن دیاری بکەن و لەسەر هێزە ئەمریکییەکان پێویست بکەن، کە دوای شەڕی داعش، لە عێراق بچنە دەرەوە.

شەوی چوارشەممە 26-12-2018، میدیا ئەمریکییەکان بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپ و میلانیای هاوسەری لەناو هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، بڵاویان کردەوە، کە ترەمپ لە کۆتاییەکانی شەوی جەژنی لەدایکوونی حەزرەتی مەسیح (د. خ.) بە سەردانێکی نهێنی گەیشتووەتە عێراق و لە سەربازگەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە پارێزگای ئەنبار، لەگەڵ فەرماندە و سەربازە ئەمریکییەکان کۆ بووەتەوە.

ئەو سەردانە نهێنییەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق بووەتە هۆی ناڕەزایی لایەنە عێراقییەکان و پێیان وایە ترەمپ بە ئاشکرا سنووری عێراقی بەنایاسایی بەزاندووە و پێشێلکاریی سەروەریی عێراقی کردووە.


دۆناڵد ترەمپ دوای سەردانەکە، هۆکاری بە نهێنیی چوونی بۆ عێراق بۆ ”مەترسیی ئەمنی“ گەڕاندەوە، کە سەرەڕەای ئەوەی ئەمریکا حەوت تریلیۆن (حەوت هەزار ملیار) دۆلاری بۆ سەقامگیریی عێراق خەرج کرد، کەچی ئەو ناچار بووە بۆ پاراستنی خۆی، بە نهێنی سەردانی ئەو وڵاتە بکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.