وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رایگەیاند، ژمارەیەک بەرپرسی عێراقی ھەن کە لە ترسی ھەژموونی ئەمریکا، مامەڵەکردن لەگەڵ ئێراندا رەتدەکەنەوە.
محەمەد جەواد زەریف لە میانی کۆبوونەوەیەک کە لە کۆنسولخانەی ئێران لە شاری کەربەلا باشووری عێراق بەڕێوەچوو گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی:
گەورە بەرپرسانی عێراق مکوڕن لەسەر ئەوەی وڵاتەکەیان مامەڵە لەگەڵ ئێراندا بکات، بەڵام ژمارەیەک بەرپرس ھەن کە لە ترسی ھەژموونی ئەمریکا، ئەو کارە رەتدەکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: ژمارەیەک گەورە بەرپرس لەسەر ئاستی جیھان رێگە نادەن گرەنتی بانکی بدرێت بە کۆمپانیاکانی ئێران تا پڕۆژەکانیان لە عێراق جێبەجێ بکەن.
محەمەد جەواد زەریف ئەوەی وەبیرهێنایەوە، ئەو باجە گومرکییەی کە لە عێراق بەسەر ھاوردەکردنی چیمەنتۆی ئێرانیدا سەپێندراوە زۆرترە لەو باجە گومرکییەی کە سەر بە ھاوردەکردنی چیمەنتۆی ئیماراتیدا سەپێندراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف جەختیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەو سزایانەی کە بەسەر ئێراندا سەپاندوویەتی ھیچ شتێکی دەست ناکەوێت و گوتی: واشنتۆن خۆی دانی ناوە بە خەرجکردنی حەوت ملیار دۆلار بێ ئەوەی ھیچ دەستکەوتێک بەدەست بھێنێت، ھەروەھا ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای بەڕێوەبردنی جیھانی نییە، بۆیە پێویستە لەسەرمان بەپێی ئەو رەوشەی کە ھەیە مامەڵە بکەین.
محەمەد جەواد زەریف رۆژی یەکشەممە بەسەردانێک گەیشتە عێراق کە ماوەی پێنج رۆژ دەخانەیەنێت و لە میانی دوو رۆژی رابردوودا زنجیرەیەک دیدارو کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بەغدا و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە.
سهرچاوه: ئهنادۆڵ

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.