سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، داوای کرد، ئەو لایەنانەی ململانێ و شەڕیان هەیە کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکوومەتی تورکیان، کێشەکانیان لە سنووری دهۆک و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دوور بخەنەوە.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٩ی ١ی ٢٠١٩ لە پارێزگای دهۆک ئەنجامی دا، ڕایگەیاند، تۆپباران و بۆردومانکردنی ناوچەکانیان لەلایەن تورکیاوە بەهۆی بوونی پەکەکە و جموجۆڵی چەکدارەکانیەتی، بۆیە داوای لە هەردوو لایەن کرد، ”خۆیان لەو دەڤەرە دوور بخەنەوە“
ڕوونیشی کردەوە کە بۆردومانەکان کاریگەریی ئابووری و کۆمەڵایەتییان لەسەر ناوچەکانی پارێزگای دهۆک هەیە و جەختی کردەوە کە پارتی نایەوێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ تێکدانی ڕەوشی وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت.
هەر لەو پرێس کۆنفرانسەدا، ڤیان سەبری سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان کرد و هیوای چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. هاوکات داوای کرد، هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ”ئەو بابەتە چارەسەر بکەن“. سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد کە زوو ڕەوشی ڕووداوەکانی شیلادزێی کۆنتڕۆڵ کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.