مێژووی ته‌لارسازی ئاماژه‌یه بۆ شارستانیه‌تی ھه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ھهورامییهكان پارێزگاری‌یان له‌و شارستانیه‌ته‌ی خۆیان كردووه و تا ئێستاش ھونه‌ری كۆنی بیناسازی و ته‌لارسازی خۆیان پاراستووه و نه‌وه له دوای نه‌وه ھه‌وڵیان داوه ئه‌و خه‌سڵه‌ته كۆنه‌ی باوباپیرانی خۆیان بپارێزن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و پێشكه‌وتنه گه‌وره‌یه‌ی له ئه‌ندازه و ھونه‌ری ته‌لارسازی له جیھاندا ھاتووه‌ته كایه‌وه، به‌ڵام تا ئێستا ھهورامییهكان مكوڕن له‌وه‌ی ده‌ست به‌و ھونه‌ره كۆنه‌ی ناوچه‌كانی خۆیانه‌وه بگرن و خه‌سڵه‌تی خۆیان له ھه‌موو بواره‌كان به بواری بیناسازیشه‌وه بپارێزن و رێگا نه‌ده‌ن بیناسازی سه‌رده‌م ناوچه‌كانی ئه‌وانیش بگرێته‌وه و شێوازی بیناسازییان بگۆڕێت.
سنوری جوگرافی ناوچه‌ی ھهورامییهكان به‌سه‌ر عێراق و ئێران‌دا دابه‌ش بووه، گوند و شارۆچكه‌كانی ناوچه‌ی ھه‌ورامان ده‌كه‌ونه سنووری پارێزگاكانی كرماشان و سنه له ئێران و ھه‌ڵه‌بجه له ھه‌رێمی كوردستان.
له رووی جوگرافییه‌وه ناوچه‌ی ھه‌ورامان ناوچه‌یه‌كی شاخاوی سه‌خته و زۆربه‌ی گونده‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ش به قه‌دپاڵی چیاكانه‌وه دروستكراون، به‌تایبه‌ت ئه‌و گوندانه‌ی ده‌كه‌ونه سنووری ئێرانه‌وه ناوچه‌یه‌كی شاخاوی سه‌خت و دژواریان ھه‌یه و جگه له شاخ و دۆڵ و بانه‌كان رووبه‌ری ده‌شتایی له‌م ناوچانه‌دا به‌دی ناكرێت.
ھهورامییهكان به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ سه‌ختی ژیان و دژواری ناوچه‌كانیان جه‌نگاون و له رووی بیناسازییه‌وه ھه‌وڵیان داوه بۆ دروستكردنی شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان به شێوازێك بگونجێت له‌گه‌ڵ ژینگه و سه‌ختی ناوچه‌كه‌یاندا.
زۆربه‌ی زۆری خانووه‌كانی ناوچه‌ی ھه‌ورامان له كۆنه‌وه به به‌رد دروستكراون و سه‌ری خانووه‌كانیش به دار و خۆڵ داپۆشراون، ئه‌ستووری دیواره‌كان ده‌گاته ٦٠ سنتم تاوه‌كو به‌رگری له سه‌رمای زستانی ناوچه‌كه و گه‌رمی ھاوین بكات.
شاره‌دێی ھه‌ورامانی ته‌خت له سنووری پارێزگای سنه له ئێران كه ژماره‌ی دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌گاته ٧٠٠ خێزان، دیارترین نموونه‌ی ھونه‌ری ته‌لارسازی ھهورامییهكانه كه ھه‌موو خانووه‌كانی ئه‌م گونده له به‌رد دروستكراون .
شێوازی دیزاینی خانووه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌شێوه‌یه‌كه كه خانوو له‌سه‌ر خانوو به‌شێوه‌ی پله پله له خواره‌وه بۆ سه‌ره‌وه دروستكراون، سه‌ربانی ھه‌ر ماڵێك ده‌بێته حه‌وشه‌ی ماڵی سه‌ره‌وه.
له‌م ناوچه‌یه‌دا جگه له خانووه‌كان، ته‌نانه‌ت ھه‌موو پڕۆژه‌كانی تری ئاو و ئاوه‌ڕۆ و ئاودێری و دیواری گه‌وره‌ی راگر و قادرمه و مزگه‌وت و قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و دیكۆره‌كانی تریشیان به به‌رد و به شێوه‌یه‌كی ئه‌ندازه‌یی جوان دروستكردووه، دیمه‌نی جوانی ئه‌و بیناسازییهش سه‌رنجی گه‌شتیار بۆ خۆی راده‌كێشێت و ساڵانه ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌شتیار بۆ بینینی دڵگیری ئه‌و ناوچه‌یه سه‌ردانی ده‌كه‌ن.
خه‌ڵك و پیاوه به‌ته‌مه‌نه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه جیاوازن له ناوچه‌كانی تر و به ھۆی پاكی ژینگه و خۆراك و جوڵه‌ی به‌رده‌وامی رۆژانه‌یان كه به ھۆی ھه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه‌وه ھه‌ڵبه‌ز و دابه‌زینێكی زۆر ده‌كه‌ن، سه‌ره‌ڕای ھه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیان گوڕ و چالاكی خۆیان ھه‌یه و ژماره‌ی ئه‌و پیاوه به‌ته‌مه‌نانه‌ی له‌م ناوچه‌یه‌دا ده‌بینرێن زیاترن له ھه‌ر ناوچه‌یه‌كی تر و ته‌ندروستییه‌كی باشتریان ھه‌یه.
ئه‌وان له باره‌ی ھونه‌ری بیناسازی و به‌كارھێنانی به‌رد له دروستكردنی خانووه‌كانیان، باس له‌وه ده‌كه‌ن ھه‌ڵكه‌وته‌ی ناوچه‌كه‌یان به شێوه‌یه‌كه كه به‌رد توانای به‌رگه‌گرتنی زیاتری سه‌رمای ناوچه‌كه‌ی ھه‌یه و ناوچه‌كه‌ش بۆ خۆی كانێكی گه‌وره‌ی به‌رده كه ھاوكار بووه بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
مه‌سعود حه‌مه‌سه‌عید دانیشتوویهكی ناوچه‌كه‌یه، ئه‌و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: ھه‌موو خانووه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه به به‌رد دروستكراون، له‌ناو دیوارهكانیشدا پارچه‌یه‌ك داری توو یان گوێز داده‌نرێت كه له زمانی ھه‌ورامی به دیمهك ناسراوه و ھێز و پته‌وی زیاتر بۆ خۆڕاگرتنی دیواره‌كه په‌یدا ده‌كات، سه‌ربانی خانووه‌كانیش به دار و خۆڵ داپۆشراون.
ئه‌و گوتی: له كۆنه‌وه له دروستكردنی دیواره‌كاندا ته‌نھا به وشكه كه‌ڵه‌ك دروستكراون، واته له دروستكردنی ئه‌و دیوارانه‌دا ته‌نھا به‌رد به‌كارھێنراوه و به‌شێوازێكی جوان له‌سه‌ر یه‌ك دانراون و ھیچ چیمه‌نتۆ و خۆڵێك بۆ راگرتنی به‌رده‌كان به‌كار نه‌ھێنراوه، ماڵه‌كه‌ی خۆم به‌و شێوازه دروستكراوه و ئه‌ستووری دیواره‌كه‌ی ده‌گاته ٦٠ سنتم كه سه‌رماو گه‌رما له ده‌ره‌وه ناگاته ناو ماڵه‌كه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، له‌ئێستادا ھه‌مان شێواز له دروستكردنی خانوو له‌م ناوچه‌یه به‌كار ده‌ھێنرێت، به‌ڵام ھه‌ندێك ماڵ بۆ دیوی ناوه‌وه‌ی خانووه‌كانیان بۆ دیواری چێشتخانه و ژووری خه‌وتن بلۆك یان خشت به‌كار ده‌ھێنن و رووی ده‌ره‌وه‌ی خانووه‌كه‌ش ھه‌ر به به‌رد دروست ده‌كه‌ن.
مه‌سعود باس له‌وه ده‌كات، به‌كارھێنانی به‌رد جگه له‌وه‌ی دیمه‌نێكی جوانی به ناوچه‌كه به‌خشێوه، كاریگه‌ری سه‌رمای سه‌ختی زستانی ناوچه‌كه‌ی له‌سه‌ر ماڵه‌كان نه‌ھێشتووه و بۆ ماوه‌ی ده‌یان ساڵیش خانووه‌كان وه‌ك خۆیان ده‌ھێڵێته‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.